کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مووشەکبارانی بنکەکانی دێموکرات، هۆکار و دەرئەنجامەکانی

18:23 - 20 خەرمانان 2718

کاروان

کارەساتی شوومی ۱۷ی خەرمانان و مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات کە بووە هۆی شەهید و بریندار بوونی پۆلێک سەرکردە و کادر و پێشمەرگەی فیداکار، ئەگەرچی هەموومانی خەمبار کرد و زیانێکی گەورەش بوو بۆ گەلی کورد بە گشتی و بۆ حیزبە شۆڕشگێڕەکانی کورد بە تایبەتی، بەڵام لە هەمان کاتدا دەرخەری ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگریش بوو بۆ هەموومان و بە تایبەتی بۆ ئەوانەی کە بە گومانەوە لە سیاسەت و شێوەی خەباتی ئەو حیزبانەیان دەڕوانی کە ناکرێ لەبەرچاو نەگیرێ، ئەویش گرتنەبەری سیاسەتێکی درووست و کارا و زیندووبوون و بەسەر پێوە بوونی حیزبە شۆڕشگێڕەکانی کوردە کە بەوشێوە ڕێژیمی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کردووە .

دیارە ئێمە لە دڕندەیی، دڵڕەشی و دوژمنکاریی ڕێژیمە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران هەر لە سەردەمی سەفەوییەکانەوە بگرە تا ڕێژیمە فاشیست و تۆتالیتێرەکەی ئێستای ئاخوندە کۆنەپەرەستەکان، بەرانبەر بە گەلی کورد بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی هیچ گومان و دڕدۆنگییەکمان نەبووە و نییە و بەداخەوە مێژووی نەتەوەکەشمان تەژی لەو ڕووداوە تڕاژێدیکانەیە کە لە لایەن ئەو ڕێژیمانەوە یان بە هۆی ئەوانەوە بەسەر گەلەکەماندا هاتووە و ئەوەش بۆ هەموومان ئاشکرا و ڕوونە، بەڵام ئەوەی  لە دوای ڕووداوەکەی ۱۷ی خەرمانان پێویستە زیاتر سرنجی بدرێتێ گەورەیی کارەساتەکە و دڵڕەشیی ڕێژیم بەرانبەر بە کورد نییە، بەڵکوو ڕوانین و تێفکرینێکی ورد و واقیعبینانە بەرانبەر بەو هۆکارانەیە کە ڕێژیمی بەو شێوەیە تووشی دڵەڕاوکێ و هاری کردووە کە لە ئەنجامدانی هیچ چەشنە جینایەتێک دەرحەق بە ئێمەی کورد خۆی ناپارێزێ .

ئەو هۆکارانە چین؟ چ ئاڵوگۆڕێک لە سیاسەت و هەڵویستی ئەو حیزبانە ڕوویداوە کە تا ئەو ئاستە ڕێژیمی تووشی ترس کردووە؟ ئایا ئەو ئاڵوگۆڕانە لە بەرژەوەندی نەتەویی کورددان؟ هەڵوێستی ئێمە لە ئێستادا دەبێ چی و چۆن بێت؟

بۆ تێگەیشتن لە ڕاستی و درووستیی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە سیاسەت و شێوەی خەباتی حیزبە کوردییەکاندا ڕوویانداوە  پێویستە بارودۆخ و ئەو قەیرانە ڕەنگاوڕەنگانەی کە بەرۆکی ڕێژیمیان گرتووە و هەروەها گۆڕانکارییە جیهانی و ناوچەییەکانیش لە بەر چاو بگیرێن .

سێ ساڵە کە کوردستانی رۆژهەڵات پێی ناوەتە قۆناخی راسانەوە کە شارو شاخ پێکەوە و پشت ئەستوور بە یەک دەچنە پێش. کات، بارودۆخی ناوخۆ، ناوچەیی و جیهانی ببوون بە زەرورەتێک بۆ ڕاگەیاندن و دەست پێکردنی ئەو شێوە نوێیە لە خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بۆیە ئەو بڕیارە درووست، بە جێ و گونجاو بوو. زۆری پێ نەچوو کە ئەو بڕیارە لە لایەن زۆربەی خەڵکی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا و ڕۆژهەڵاتییەکان وەگەڕ کەوتن. هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە ڕێژیم ئەو بڕیارەی بە گرینگ وەرگرت و کەوتە هەڕەشە و گوڕەشە لە حیزبە کوردییەکان و ترس و پشێوی و هەناسە سواریی پێوە دیار بوو. ئاخوندەکان دوای ڕاگەیاندنی "ڕاسان" هەر دەسبەجێ و بە پەلە پەل بڕیاری "خنکاندن"!، لەناو بردن! یان هەر نەبێ کزکردنی ئەو لەمپەڕەیان دا و بۆ سەلماندنی سووربوونیشیان لە جێبەجێ کردنی بڕیارەکەیان، ترسنۆکانە کەوتنە جوڵە و لە ئەنجامدانی هیچ جینایەتێک بەرانبەر بە ئیرادەی ئەو حیزبە خۆیان نەپاراست کە دوایین نمونەشی مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکان لە ۱۷ی خەرماناندا بوو 

با لە خۆمان بپرسین، ئەرێ هەر بەڕاست ئەگەر ئەو بڕیارەی دێموکرات لە بەرژەوەندیی نەتەوەکەمان و بە زیانی ڕێژیم نەبوایە، ئەوان دیسان بەو شێوە دڕندانەیە بەرەنگارمان دەبوونەوە؟ بێگومان نەخێر. ئەوە ڕاستی و دروستیی راسانە کە دوژمنی نەتەوەکەمانی هار کردووە. کەوابوو ئەرکی ئێمە بەرانبەر بە "ڕاسان" چییە ؟ پشتیوانی و خستنەگەڕی وزە و تواناکانمان بۆ بەهێزترکردنی "ڕاسان" دەبێ بە سەرەکیترین ئەرکی خۆمان بزانین. درووشمی لێک گرێدانی خەباتی شار و شاخ، خاڵی بەهێزی ئێمە و لاوازی ڕێژیمە .

ڕاستە کە بە لە دەستدانی جەستەیی شۆڕشگێڕەکانمان خەفەتبار و دڵتەنگ دەبین، بەڵام هەرگیز نە بە چۆکدا دێین و نە لە داوا ڕەواکانیشمان پاشگەز دەبینەوە. ئێمە لە مێژە فێری وانەی وەفاداری بە ڕێبازی شەهیدان بووین و بە درێژایی مێژووی خەباتی گەلەکەشمان نیشانمان داوە کە هیچ تەنگ و چەڵەمەیەکیش نەیتوانیوە و ناتوانێ بۆ ساتێکیش لەو ڕێبازەدا هیوابڕاومان بکات، بۆیە دڵنیاین ئەو کارەساتەش کە نیشانەی زەبوونی و ترسەنۆکیی ڕێژیمە ڕیزەکانمان پتەوتر و "ڕاسان"ی ئەوجارەی گەلەکەشمان بەهێزتر دەکات .

لە ۱۷ی خەرمانانەوە ئێمە دڵمان لە یەک نزیکتر، ورەمان بەرزتر، ئیرادەمان بەهێزتر، باوەڕمان بە ڕێبازەکەمان قوڵتر و هیوامان گەشتر لە جارانە و زیاتر لە پێشوو سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکانمان هەست پێ دەکەین. ئێمە کە لەمێژە بڕیارمان داوە بگەین بە ڕزگاری و ئازادی و لە مێژیشە تێگەیشتووین کە پێویستە نرخی ڕزگاریی نیشتمانەکەمان و گەیشتن بە ئازادی نەتەوەکەمان بدەین، کارەساتی لەو شێوەیە ناتوانێ دڵساردمان بکاتەوە. ڕابردوومان شاهیدە کە لەو پێناوەدا هیچکات نە ماندوو بووین، نە ترساوین و نە پاشگەز بووینەتەوە، بەڵکوو شێلگیرتر و چالاکتر لە جاران، یەکڕیزتر و یەکگرتووتر لە پێشوو و بەورەتر و باوەڕمەندتر لە هەمیشە هەنگاوەکانمان بەرەو پێشەوە هاویشتوون. ئەو جارەش بڕیار ئەدەین کە کارەساتەکەی ۱۷ی خەرمانان بکەین بە هەوێنی یەکڕیزی و یەکگرتوویی خۆمان و تا گەیشتن بە تروپکی ڕزگاری یەکجارەکیی کوردستان نەسرەوین؛ دڵنیام بە یەکگرتوویی سەردەکەوین .

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.