کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مووشەکبارانی بنکەکانی شۆڕش لە لایەن ڕێژیمەوە نیشانەی لاوازییەتی

11:37 - 18 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی بەهێز نیشاندانی خۆی، لە هیچ کردەوەیەکی نامرۆڤانە خۆی ناوبوێرێت.

ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بنکەکانی حیزبی دێموکرات، لە لایەن سپای تێرۆریستیی پاسدارانەوە، مووشەکباران کران و لە ئاکامی ئەم مووشەکباران دوو تێکۆشەری ئەم حیزبە بە ناوەکانی "موختار قادرپوور" و "فاروق حەسەن خەیات" پەیوەست بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدان بوون و چەند پێشمەرگەی دیکەی ئەم حیزبە بە توندی بریندار بوون و لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.

هەروەها لە ئەنجامی ئەم مووشەکبارانە، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی ڕێبەریی و کادر و پێشمەرگەکانی هاوڕێیانی پێشوو شەهید و بریندار بوون.

ئەم هێرشە لە ڕۆژێکدا ئەنجام درا، کە ڕێژیمی دژەگەلیی ئاخوندیی تاران، لە زیندانەکانی کەرەج سێ ڕۆڵەی کوردی بە ناوەکانی (ڕامین حوسێن‌پەناهی، زانیار مورادی و لوقمان مواردی)، بە تاوانی چالاکیی دژی تەناهیی نەتەوەیی لە سێدارە دا.

ڕێژیمی ئاخوندیی تاران، کە لە هەموو بوارێکەوە تووشی شکست و دۆڕان هاتووە و دەسەڵاتەکەی چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوە لەرزۆک بووە و بۆ مانەوەی لەسەر دەسەڵاتی خۆی لە هەموو شێوازەکانی سەرکوت و تۆقاندن کەڵک وەر دەگرێت.

ڕێژیمی سەرەڕۆی تاران، لە مووشەکبارانی بنکەی شۆڕشگێڕانی ڕۆژهەڵات و هاوکات ئێعدامی زیندانییانی سیاسیی کورد، چەند ئامانجی سەرەکیی بووە، یەک ئەوەی کە هەر کام لەم کردەوانەی یەکتر بخەنە ژێر کاریگەریی خۆیانەوە و لەم ڕێگەوە شەڕێکی ڕەوانی بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵات ساز بکات و دووهەم ئەوەی کە بە دژبەرانی خۆی بڵێت، کە هێندە بەهێزە تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش دەتوانێت دژبەرانی خۆی بکاتە ئامانج و پاشان ئەو هەڕەشانەی کە بەرپرسانی سپای ڕێژیم، پاش سەرهەڵدانی خەباتی نوێی شار و شاخ لە حیزبی دێموکراتیان دەکرد، بەکردەیی بکات و چەکوچۆڵە قورسەکانی خۆی لەسەر گیان و ماڵی شۆڕشگێڕانی نەتەوەی کورد تاقی بکاتەوە.