کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مووشەکە خاڵپێکەکانی سپا لە جیاتی بنکەکانی دژبەرانی ڕێژیم، کرماشانیان کوتاوە

10:44 - 9 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، کە دەم لە خاڵپێکبوونی مووشەکەکانی دەدات، هەموو جارێ بەشێک لەم مووشەکانە لە بەردەم خۆی دەتەقێنەوە.

بەپێی فیلمێک کە لە ڕاگەیەندنەکانی ڕێژیم بڵاو بووەتەوە، شەوی دووشەممە ٩ی ڕەزبەر کاتژمێر ٢ی نیوەشەو بە کاتی ئێران، سپای تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێران، لە ناوچەیەک لە نزیکی شاری کرمانشان، ٥ مووشەکی بالستیکی لە جۆری زەوی بۆ زەوی بەرەو بنکە و بارەگای دژبەرانی ئەم ڕێژیمە لە ڕۆژهەڵاتی فورات لە وڵاتی سووریە هاویشتووە.

پێوەندییە گشتییەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم، ئەم مووشەکبارانەی بە وڵامێک لە هەمبەر دەسڕێژەکەی ڕۆژی ٣١ی خەرمانان لە شاری ئەهواز زانیوە، کە بەرەو ڕێژەی نیزامیی هێزەکانی ئەرتەش و سپای ڕێژیم ئەنجام درا و تێیدا نزیک بە ٢٩ کەس لە هێزە سەرکوتکەرەکانی سپا کوژران و ٦٠ کەسیش بریندار بوون.

دەسڕێژی بەرەو هێزەکانی ڕێژیم لە شاری ئەهواز، لە ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانان ڕووی دا، کە لە لایەن حیزبی "الاحواز" و هەروەها گرووپی داعشەوە وەئەستۆ گیرا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان، چەند مووشەکێک کە لە نێوەشەوی دووشەممە لە نزیکی کرماشان هاوێژراون، وەبەر چەند شوێنێک لە نزیکی شاری بووکەماڵ لە ڕۆژهەڵاتی فورات کەوتوون، کە لە کونتڕۆڵی ئەرتەشی ڕێژیمی سووریەیە و بەردەوامیش لە لایەن داعشەوە هێرش دەکرێتە سەری.

هەر لەم پێوەندییە بەپێی زانیارییەک کە بە دەستی ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، چەند مووشەکێک لەو ٥ مووشەکە لە نزیکی شاری کرماشان تەقیوونەتەوە، کە دەنگی ئەم تەقینەوانە بوونەتە هۆی ترساندن و نیگەرانیی خەڵکی ئەو ناوچەیە.

ڕێژیمی ئێران کە لە هەموو سەرێکەوە گوشار کەوتووەتە سەری، بۆ خۆدەربازکردن لە دەست ئەم گوشارانە، تەنیا بیری بۆ لای سەرکوت و هێرشی نیزامییەوە دەڕوات، کە قورسایی ئەم بیرۆکەیەی ڕێژیم تێچوویەکی زۆر بۆ خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران هەڵدەگرێت، کە ئەگەر ئەم تێچووانە بۆ ئاوەدانی و خۆشگوزەرانیی خەڵک بەکار بچێت، زۆربەی کێشەکانی خەڵکی ئێران چارەسەر دەکرێت.