کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مووشەکەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ زلهێزەکانی جیهان نێردراوە، بەڵام لە بنکەکانی حیزبی دێموکرات داکەوتوون

12:38 - 23 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: فەرماندەکانی سپای پاسداران، مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکراتی بە پەیامێک بۆ زلهێزە جیهانییەکان دەزانن.

فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، محەممەدعەلی جەعفەری، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی خەرمانان، لە لێدوانێکدا وتوویەتی: :دوایین تۆڵەی سپا لە تێرۆریستەکان، پەیامێکی زۆر بەمانا بووە بۆ دوژمنان بەتایبەت زلهێزەکان، کە وایاندەزانی دەتوانن ئامانجە نگریس و ملهوڕییەکانیان بە سەرماندا بسەپێنن".

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وتوویەتی: ئەم هێرشە لە "تۆڵەی خوێنـ"ـی ئەو پاسدار و بەسیجییانە بووە، کە لە مەریوان کوژراون.

هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران، کە لە ڕۆژی شەممە، ١٧ی خەرمانان ئەنجام درا، لە حاڵێکدا بە باوەڕی فەرماندەکانی سپای پاسداران بۆ ترساندنی زلهێزە جیهانییەکان بووە، کە لەم کۆمەڵکوژییە زۆرینە ژن و منداڵ و کەسانی سڤیل شەهید و بریندار بوون.

شایانی باسە هێرش بۆ سەر بنکەکانی سپای پاسداران لە نزیک شاری مەریوان، لە لایەن پەژاکەوە بووە و پەژاک ئەم کارەی وە ئەستۆ گرتووە، هەروەها لەم ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا وڵاتی ئیسرائیل نزیک بە ٢٠٠ جار هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوەکانی سپای قودس لە سووریە و زەرەر و زیانێکی زۆری بە ڕێژیم گەیاندووە.

ئەوەی کە فەرماندەی سپا باس لە تۆڵە و پەیام بۆ زلهێزانی جیهان دەکات و هێرشەکە کەسانێکی بێچەک و سڤیل دەکاتە قوربانی، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بنەمای سیاسەت و دەسەڵاتی ئەم ڕێژیمە لەسەر ئەساسی ڕق، ترسەنۆکی، لاوازی و هەڵە دامەزراوە.