کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مووشەکەکانی ڕێژیمی ئێران لە یەمەنەوە بەرەو عەرەبستان دەهاوێژرێن

12:46 - 25 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە کە کەرەستەی ئەو مووشەکانەی کە لە لایەن حووسیەکانی یەمەنییەوە بەرەو عەرەبستانی هاوێژراون، درۆستکراوی ڕێژیمی ئێرانن.

"ئانتۆنیۆ گوتریش"، سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکی نهێنیدا، بە شۆرای ئەمنییەتی ئەو ڕێکخراوەی ڕاگەیاندووە، کە پاش پشکنینی ئاسەوار و تیکەکانی ئەو مووشەکانەی کە لە یەمەنەوە بەرەو عەرەبستانی سعوودی هاوێژراون، دەرکەوتووە کە کەرەستەی ئەو مووشەکانە دروستکراوی ڕێژیمی ئێرانە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، ئانتۆنیۆ گوتریش هەروەها باسی لەوە کردووە کە شێواز و قەوارەی ئەو مووشەکانە وەک یەکێک لە مووشەکە بەناوبانگەکانی ڕێژیمی ئێران دەچێت.

ئامریکا، ئیسرائیل و هاوپەیمانییەتی عەرەبی، ڕێژیمی ئێرانیان بەوە تاوانبار کردووە کە بە مەبەستی تەیار و بەهێزکردنی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن، مووشەک، چەکوچۆڵی سەربازییان بۆ یەمەن بەڕێ کردووە.

سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەگەرچی باسی لەوە کردووە کە کەرەستەی مووشەکیی حووسییەکان دروستکراوی ئێرانە، بەڵام ڕێکەوتی ٢٢ی جۆزەردانی ئەمساڵ لە ڕاپۆرتی دوو ساڵانەی خۆیدا باسی لەوە کردبوو کە هێشتا بۆیان ڕوون نەبووەتەوە کە ئەو چەکوچۆڵانە چۆن و لە چ ڕێگایەکەوە گەیشتووەنەتە دەستی حوسییەکان.

سەرهەنگ "تورکی مالکی"، وتەبێژی هاوپەیمانییەتی عەرەبی پێشتر لە پرێسکۆنفراسێکدا ڕایگەیاندبوو: " ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای بەندەری حەدیدەوە حووسییەکان تەیار دەکات".