کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مۆرە سەرەکییەکانی ڕێژیم ڕەخنە لە بەڕێوەبردنی وڵات دەگرن

12:41 - 7 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: دۆخی شپرزەی نێو چوارچێوەی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، مۆرە سەرەکییەکانی ئەو ڕێژیمەی هێنایە دەنگ و ڕەخنەیان لە شێوەی بەڕێوەبردنی وڵات گرت.

"هاشم هاشمزادە هەریسی"، ئەندامی مەجلیسی "خۆبرێگانـ"ـی ڕێژیم، وێڕای ڕەخنەی جیددی لە سیاسەتە دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی، خوازیاری گۆڕینی ڕوانگەی ڕێژیم لە شێوازی بەڕێوەبردنی ئێراندا بووە و ڕایگەیاندووە کە ئەگەر دۆخەکە هەر وا بێت، ژیانی دنیا و قیامەتی خەڵک دەکەوێتە مەترسییەوە، هەر بۆیە نەتەنیا گوتارمان، بەڵکوو دەبێ هەموو شتێکمان بگۆڕدرێت.

ناوبراو بە دانپێدانان بە ناڕازیبوونی خەڵک لە بەڕێوەبەرانی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "خەڵک شۆڕشەکەیان خۆش دەوێت، نیزامی ئیسلامی چ خراپییەکی هەیە کە خەڵک ڕقیان لێی بێت؟ خەڵک ڕقیان لە ئێمەیە و لە ئێمە ناڕازین".

ئەم ئاخوندەی ڕێژیم چارەسەرکردنی کێشەکانی بە ئەستەم زانیوە و وتوویەتی: "چارەسەرکردنی کێشەکان تێچووی زۆری دەوێت کە تیچووەکەشی لەنێوچوونی ئیسلام، ئینقلاب، ڕوحانییەت و ئێرانە، بۆیە دەبێ لە ئاستی سەرەوە گۆڕان دەست پێ بکەین".

شپرزەبوونی دۆخی نێوخۆیی ئێران لە بوارگەلی کۆمەڵایەتی و ئابووری و هەروەها شپرزەبوونی دۆخی چوارچیوەی دەسەڵاتی ڕێژیم، وای کردووە کە مۆرە سەرەکییەکانی ڕێژیمیش دان بە خراپ بوون و ناکارامە بوونی ڕێژیمدا بنێن و خوازیاری گۆڕان بن، ئەڵبەت گۆڕانێک کە بتوانێت هێژموونیی ئەوان بە سەر ئێراندا ڕابگرێت نەک گۆڕانێک کە قازانجی نەتەوە بندەستەکانی ئێرانی تێدا ڕەچاو بکرێت، بۆیە ڕەخنەی خودی کاربەدەستانی ڕێژیم لە دەسەڵاتەکەیان لە جیاتی ئەوەی کە هەنگاوێک بۆ گۆڕان بێت زۆرتر چەواشەکارییەکی ئاشکرایە.