کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مۆرەکانی ڕێژیم بۆ تۆڵەکردنەوە لە هەڵوێستی رۆژهەڵات هێرشیان کردووەتە سەر دووکاندارانی سنە

18:04 - 22 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: مۆرەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، لە ئیدارەی بازرگانیی ڕێژیمەوە لە شاری سنە، بەپەلە و ڕۆژێ دوای مانگرتنەکەی خەڵک ڕۆژهەڵات، لە ٢١ی خەرمانان، هەوڵی داخستنی دووکانەکانی شاری سنەیان داوە.

پاش ئەوەی ڕێژیمی دژە گەلیی ئێران، لە ڕۆژی ١٧ی خەرمانان هاوکات هەم لە گرتووخانەی ڕەجایی‌شاری کەرەج، سێ زیندانیی سیاسیی کوردیان لە سێدارە دا و هەم لە لایەن سپای پاسدارانەوە بە مووسەک هێرش کرایە سەر بنکەکانی حیزبی دیموکراتەوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە تێکۆشەرانی ئەم حیزبە و خەڵکی سڤیل بوونە قوربانی و شەهید و بریندار بوون، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە بانگەوازێکدا ڕۆژی ٢١ی خەرمانانیان وەکوو ڕۆژی مانگرتنی سەرتاسەری ڕاگەیاند و داوایان لە خەڵکی ڕۆژهەڵات کرد لەم ڕۆژەدا دووکان و بازاڕەکان دابخەن.

خەڵکی ڕۆژهەڵاتیش بە هانای بانگەوازەکەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە هاتوون و بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان لەو ڕۆژەدا، ئێعدامی سێ چالاکی سیاسیی کورد و هێرشی مووشەکیی سپای پاسدارانی ڕێژیمیان بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکراتیان، لە شاری کۆیە مەحکووم کرد. 

لەم پێوەندییەدا بەپێی هەواڵێک کە لە شاری سنەوە بە دەستی ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، مۆرەکانی ڕێژیم ئەمڕۆ ۲۲ی خەرمانان بەپەلە بۆ تۆڵەکردنەوە و دامرکاندنی ڕق و تووڕەیی خۆیان، هاتوونەتە سەر کۆمەڵێک لە دووکانەکانی شاری سنە و بە بیانووی گرانفرۆشییەوە، هەڕەشەی سزای نەختی و داخستنی ئەو دووکانانەیان کردووە، کە دیسان لەگەڵ هەڵوێستی بوێرانە و کوردانەی دووکاندارانی سنەیی بەرەوڕوو بوونەتەوە.