کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میدیاکانی ڕێژیم سەکۆیەک بۆ بێڕێزی کردنن

12:24 - 6 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: پێشکەشکاری بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە چوارچێوەی گاڵتەدا، هێرشی کولتووری دەکاتە سەر ژنانی کورد.

بەپێی ویدیۆیەکی بڵاوکراوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئاخوندێکی پێشکەشکار لە یەکێک لە کاناڵە تلویزیۆنییەکانی سەر بە ڕێژیم، بە شێوەی گاڵتەجاڕانە هێرش دەکاتە سەر ژنانی کورد و فام و تێگەیشتووییان دەباتە ژێر پرسیارەوە.

ئەو ئاخوندە پێشکەشکارەی ڕێژیم، لە نێوان قسەکانی میوانی بەرنامەکەدا کە وتوویەتی: "یەکێک لە ژنەکان کە لەو پشتەوە دانیشتبوو دەستی هەڵبڕی و وتی من قسەم هەیە بۆ وتن..."، دێتە قسە و دەڵێت: "بۆ مەگەر ژنان لەنێو کورددا دەتوانن قسە بکەن؟".

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە شێوەیەکی سیستماتیک و بە مەبەستی سڕێنەوەی نەتەوەکانی دیکە، بەتایبەت لە ڕاگەیاندنەکاندا هێرش دەکاتە سەر نەتەوەی کورد.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە خومەینی و خامنەیی وتوویانە: "سینەمای ئێران بەئەدەبترین سینەمایە لە ئاستی جیهاندا"، بەڵام لە بەرانبەریشدا بە زمانێکی پڕاوپڕ لە بێڕێزی لەنێو بەرنامە و فیلمەکاندا، باسی نەتەوەکانی تر دەکەن.