کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میراتی فەرهەنگیی کرماشان لە بەرەبەری لەناوچوون دایه

10:33 - 16 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: به هۆی نەبوونی بەرنامە و ناشارەزایی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباریی پاراستنی ئاسەوارە مێژووییەکاندا سەرجەم شوێن و ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستان و ئێران لە بەرەبەری لەناوچوون دایه.

پارێزگای کرماشان کە شوێن و ئاسەواری زۆر کۆن و مێژوویی لەخۆووە گرتووە؛ بەڵام سیاسەتی سیستماتیکی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ لەناوبردنی مێژووی کورد و سڕینەوەی کلتووری کوردستان هیچ بایەخێک بەو ئاسەوارانە نادرێت و زۆربەی ئەو ئاسەوارانە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە.

لەو پێوەندییە بینای "موعاونە لمۆلکی " (معاون الملک) پارێزگای کرماشان بە هۆی شێداری و تەڕبوونی دیوارەکانی، مەترسی لەناوچوونی لەسەرە و جوانکارییەکانی سەر کاشییەکانی ئەو بینا مێژووییەش لە بەرەبەری لەناچوون دایه.

کارناسێکی شارسازی باسی لەوە کردووە، بە هۆی ئەوەی کە لە دەورووبەری ئەو شوێنە مێژووییە بیناسازی کراوە، ئاوە ژێرزەوینییەکان ناڕژێنە چۆمی ئابشوورانی ئەو پارێزگایە و بە هۆی ئەوەی کە ئەو ئاوە لەژێر زەویدا کۆ دەبێتەوە، دزەی کردووەتە ناو دیوارەکانی ئەو بینا مێژووییە.

بەپێی قسەی ئەو کارناسەی شارسازی دزەکردنی ئاو بۆ دیوارەکانی ئەو بینا مێژووییە هەر ڕۆژ زیاتر دەبێت و ئەگەر ئەو کێشەیە بە زوویی چارەسەر نەکرێت ئەو بینایە بە گشتی لەناو دەچێت.

بۆ سەرنیاکردنەوە و پێشگرتن بە شێداریی ئەو بینایە بڕی ٣٠ میلیارد تمەن بوودجە پێویستە کە دابینکردنی ئەو بڕە پارەیە لەژێر دەستی کاربەدەستانی ڕێژیمەوە ئەستەمە.

بینای موعاونە لمۆلکی کرماشان ١١٩ ساڵ لەوە پێش لە سەردەمی قاجارییەکاندا بینا کراوە و بۆ بۆنەی ئایینی کەڵکی لێوەر گیراوە.

ئەو بینایە وەک گەورەترین بینای مینیاتۆری لە جیهاندا باسی لێوە دەکرێت کە ئەو بینایە ئێستا لەبەرچاوی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێراندا لە بەرەبەری لەناوچوون دایه.