کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میسر خۆی بۆ دەستێوەردانی نیزامی ئامادە دەکات

10:52 - 17 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: دەوڵەتی میسر ڕایگەیاندووە ئەگەر ئەمنییەتی کەنداو بکەوێتە مەترسییەوە، ئێمە دەستێوەردانی نیزامیی دەکەین و بێدەنگ نابین.

"عەبدولفەتاح سیسی" سەرکۆماری میسر ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٦ی خەزەڵوەر لە پرێسکۆنفڕانسێکدا لە شەرمولشەیخ باسی لەوە کرد، ئەگەر ئەمنییەتی کەنداو بکەوێتە مەترسییەوە وڵاتەکەی دەستێوەردانی نیزامیی دەکات و بێدەنگ نابێت، جەختیشی کردەوە ئەگەر هەڕەشەکان بەردەوام بێت ئەوە میسر هەموو هێزەکانی خۆی دەخاتە ئامادەباشییەوە.

سەرکۆماری میسر جەختی کردووەتەوە ئەمنییەتی وڵاتانی کەنداوە بۆ ئێمە هێڵی سووره.

ئەو قسانەی نابراو دوو ڕۆژ پێش لە بەڕێوەچوونی مانۆڕی نیزامیی هاوبەشی، ئەرتەشی ئەو وڵاتە لەگەڵ چەند وڵاتی عەرەبی بوو کە ئەو مانۆڕه بۆ پاراستنی ئەمنییەتی کەنداو بەڕێوە چوو.

وڵاتانی عەرەبی دەیانهەوێ ناتۆی عەرەبی پێک بێنن و پێکەوە هاوکاریی نیزامی و ستراتیژیکیان هەبێت.

مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" بڵاوی کردەوە، کۆشکی سپی بەنیازە، لەگەڵ وڵاتانی عەرەبستان، ئەمارات، قەتەر، بەحرەین، عومان، کوەیت، مسر و ئوردۆن هاوپەیمانیەتییەک لەژێر ناوی ناتۆی عەرەبی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دابمەزرێنێت.

هاوکات ژنراڵ جۆزف وۆتل فەرماندەی ستادی ناوەندی ئەرتەشی ئامریکا، داوای لە هەموو وڵاتانی عەرەبی کردبوو، هەتا لە بەرانبەر هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێراندا یەکگرتووتر بن.

ئەم هاوپەیمانەتییە لە ڕوانگەی بەرپرسانی ئامریکاوە هێندە گرینگە، کە یەکێک لە وتەبێژانی کۆشکی سپی، باسی لەوەی کردبوو "ناتۆی عەرەبی (مێسا) وەکوو چەپەرێکه لە هەمبەر دەستدرێژی، تێرۆریزم و پاوانخوازیی ڕێژیمی ئێران و سەقامگیری بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگەڕێنێتەوە".  

بەشیک لە شڕۆڤەکارانی سیاسی پێیان وایە ئەم مانۆڕە زیاتر لەوەیکە بۆ بردنەسەر و نیشاندانی ئاست و توانایی هێزە سەربازییەکانی ئەم وڵاتانە بێت، هەوڵێکە بۆ یەکخستنی وڵاتانی عەرەبی لەمەڕ ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچە.