کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣ میلیۆن منداڵی کار لە ئێراندا هەیە

12:00 - 23 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: لە ئێراندا ڕێژەی منداڵانی کار بە ٣ میلیۆن مەزەندە کراوە، کە ٥%ـیان تووشی نەخۆشی ئەیدز بوون.

ڕۆژی دووشەمە ڕێکەوتی ٢٢ی جۆزەردان، کە وەک ڕووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی دیاردەی کارکردنی منداڵان لە جیهاندا دیاری کراوە و ساڵانە هەموو دەوڵەتان بە دابینکردنی پێداویستییە گونجاوەکانی ژیان بۆ منداڵان لە هەوڵی نەهێشتنی ئەم دیاردە دزێوەی کۆمەڵگان، بەڵام لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا ڕۆژ بە ڕۆژ بارودۆخی منداڵان بەرەو خراپی دەڕوات و حکوومەت لەم ڕاستایەدا جگە لە هەندێك قسەی بریقەدار نەبێ، هیچ هەنگاوێک هەڵناگرێت.

هەرچەندە هیچ ئامارێکی فەرمی لە بارەی ڕێژەییبوونی منداڵانی کار لە ئێراندا لە بەردەستدا نییە، بەڵام  لایەنی بەرپرس و ناوەندە حکوومەتییەکان هەبوونی زیاتر لە ٣ میلیۆن منداڵی کاریان مەزەندە کردووە، کە لە ئێراندا لە حاڵی کارکردندان.

ئەم ڕێژەیە لە کاتێکدا ڕوو لە زیادبوونە کە ڕێژیمی ئێران دوو بەڵێننامەی لە ٨ ناوەندی جیهانی کاری واژۆ کردووە و تەمەنی یاسایی بۆ کارکردن لە سەروو  ١٥ ساڵەوەی دیاری کردووە.

٧٢% ئەم منداڵانە نەخوێندەوار یان خوێندەوارییەکی کەمیان هەیە، زۆرێک لەم منداڵانە بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی بنەماڵەکانیان یان بە هۆی ناهۆشیاری بنەماڵەکانیانەوە دەخرێنە بەر کارکردن. ئاماری کارکردنی منداڵان لە ساڵی ٨٤ـەوە هەتا ٨٨ بەرزبوونەوەی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە.

منداڵانی کار سەرەڕای گوشارە دەروونییەکان کە لە سەریانە، تووشی نەخۆشیگەلێکی وەکوو: ئەیدز، هپاتیت، کوزاز، سالکی پێستی،زکچوونی خوێنی، ئازاری ئەژنۆ، ئازاری پشت و شەلەلی منداڵان دەبن.کە بە قسەی ئەندامێکی شۆرای شاری تاران ٥%ی منداڵانی کار تووشی نەخۆشی ئەیدز بوون.

هەروەها زیاتر لە ٣٢% منداڵانی کار ڕووبەڕووی ئازاری جنسی و دەروونی و دەسدرێژیی سێکسی لە لایەن خاوەنکارەکانیان دەبنەوە.