کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢ میلیۆن و ٨٥٨ هەزار بنەماڵە لە ئێراندا لە ئاستی هەژاریی ڕەهادان

13:10 - 5 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: لە ئێراندا ٢ میلیۆن و ٨٥٨ هەزار بنەماڵەی هەژرایی ڕەها هەیە، کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دەیانهەوێ بە مووچەی ٧٨٠ هەزار تمەنی کێشەکانیان بنبڕ بکەن.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە کاتێکدا باس لە بنبڕکردنی هەژاریی لە ئێراندا دەکەن، کە ٢ میلیۆن و ٨٥٨ هەزار بنەماڵەی ئاستی هەژاریی ڕەها لەو وڵاتەدا هەیە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە داهاتی مانگانەی بنەماڵەیەک لە ئێراندا دەبێ زیاتر لە ٣ میلیۆن بێت، کە ئەوەش لەگەڵ دۆخی ئابووریی ئێستای ئێراندا ناتەبایی هەیە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران، لە ئێستادا هەژاری لە ئێراندا دوو جۆری هەژاریی "توند" و هەژاریی "ڕەها" بوونی هەیە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران باسیان لەوە کردووە، زۆرینەی بنەماڵەکانی ئێران هەژاریی "شدید"یان هەیە، بەو مانایە کە سەرپەرەستی بنەماڵە تەنیا دەتوانێت تێچووی خواردەمەنی ئەندامانی بنەماڵە دابین بکات.

 وەزارەتی تەعاون، کار و ڕفاهی کۆمەڵایەتیی ڕێژیمی ئێران کە بەرپرسیایەتیی ناساندنی بنەماڵە هەژارەکانی هەیە، تا ئێستا هیچ ئامارێکی لە بارەی هەژاری و هێڵی هەژاری بڵاو نەکردووەتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە، کە ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجەی ڕێژیم باس لە هەژاریی "توند" و هەژاریی "ڕەها" دەکات.

هەژرای و گرانی لە ئێراندا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، ڕووی لە هەڵکشانه و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەریی ئەو کێشە هەڵناگرن و تەنیا دروشم و وادە بە خەڵک دەدەن.

 لە لایەکی دیكەشەوە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە ئێراندا بووەتەوە هۆکارێک کە شتومەکی پێویست بە تایبەت خواردەمەنییەکان گرانتر بێت و کەلێنی چینایەتی لە ئێراندا زیاتر بێتەوە.