کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مێرکێل، نیگەرانیی خۆی لە هەمبەر چالاکییە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران دەربڕی

12:22 - 15 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکوەزیرانی ئاڵمان پاش چاوپێکەوتن لەگەڵ هاوتا ئێسرائیلیەکەی، لە هەمبەر چالاکییە سەربازییەکانی ڕیژیمی تاران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، نیگەرانیی خۆی دەربڕی.

بنیامین نێتانیاهوو، ڕۆژی دووشەممە ١٤ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە بێرلین چاوی بە ئانگێلا مێرکێل، سەرۆکوەزیرانی ئاڵمان کەوت.

پاش ئەو دانیشتنە، مێرکێل لە پرێسکۆنفڕانسێکدا چالاکییە سەربازییەکانی ڕیژیمی ئێرانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە مەترسی زانیوە، هەروەها بنیامین نێتانیاهوو لەو پرێسکۆنفڕانسەدا هۆکاری زۆربوونی هیژموونی و دەستێوەردانە شەڕئەنگێزانەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بۆ لابردنی بەشێک لە گەمارۆوە نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران گەڕاندەوە.

نێتانیاهوو لە بەشێکی دیکە لە قسەکانی ڕایگەیاندووە: "لە ئەگەری نەمانی گەمارۆوە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ڕێژیمی تاران، ئەو ڕێژیمە دەستی بە پارەی زیاتر دەگات، کە هەموو ئەو پارانە لە ڕێگای یارمەتیدان بە تیرۆریستان و پاڵپشتی لە ئیسلامگەراییی بناژۆخواز و تۆندئاژۆ بەکار دێنێت".

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە: "ڕێژیمی ئێران جگە لە هێزەکانی سپای پاسداران، توانیویەتی ١٨ هەزار شێعەی سووری لە بەرژەوەندیی خۆیدا لەو وڵاتە رێک بخات و سەودای زیادکردنی ئەو هێزانەی بۆ ٨٠ هەزار کەسی لە مێشکدایە".

خومەینی و هەروەها خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، پێشتر باسیان لەوە کردبوو، کە ئیسرائیل شێرپەنجەیە و پێویستە هەتا بە زووترین کات لەسەر گۆی زەوی بسڕدرێتەوە.