کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەترسی گیانیی بۆ سەر ١٠ هەزار قوتابی لە سەقز

10:41 - 30 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ئەگەری داڕمانی قوتابخانەکان لە شارستانی سەقز گیانی ١٠ هەزار قوتابی ئەم شارەی لەگەڵ مەترسی بەرەوڕوو کردووە.

ڕەحمان سەیدیان سەرۆکی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی رێژیم لە شاری سەقز لە دیمانەیەکدا باسی لە مەترسیداربوونی دۆخی خوێندن لە قوتابخانەکانی ئەم شارە کردووە و دەڵێ: هەنووکە لە سەقزدا ٣٠ قوتابخانەی کۆن و بێکەڵک کە تێیدا زیاتر لە ١٠ هەزار قوتابی دەرس دەخوێنن بوونیان هەیە کە پێویستییان بە نۆژەنکردنەوەیە.

ئەم هەواڵە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە لە چەند حەوتووی ڕابردوودا و لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندن، بەهۆی داڕمانی دیواری قوتابخانەیەک لە سنە منداڵێکی پۆلی یەکەمی سەرەتایی بەناوی دنیا وەیسی گیانی لە دەستدا.

هەروەها چەند ڕۆژ دوای ئەم ڕووداوە دیواری قوتابخانەی گوندی تورجان هەڵکەوتوو لە نێوان شارەکانی سەقز و بۆکان ڕووخا کە هەرچەند خەساری گیانی بەدواوە نەبوو بەڵام نیگەرانی لای خەڵکی ناوچە و چالاکانی فەرهەنگی درووست کرد.

هەر لەم پێوەندییەدا ماوەیەک پێش ئێستەش مێهروڵا ڕەخشانی‌مێهر سەرۆکی دەزگای نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی ئێران ڕایگەیاندبوو یەک لە سەر سێی قوتابخانەکانی ئێران کۆن بوون و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەی خێرا هەیە.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵانە لە کاتێکدان کە بەهۆی دۆخی نەشیاوی خوێندن لە شار و گوندەکانی کوردستان مامۆستای قوتابخانەکانی چەندین شاری کوردستان لە ڕۆژانی ٢٢ و ٢٣ی ڕەزبەر مانیان گرت بەڵام وڵامی ڕێژیم بە داواکارییەکانیان بریتی بوو لە گرتن و بانگهێشت کردن و هەڕەشەکردن لێیان.