کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەترسیی مەوادی تەقەمەنی لە خەیرەزنە و ناڕەزایەتیی هاووڵاتیانی سـنەیی + وتووێژ

13:16 - 15 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: لەم دواییانەدا چوونی هاووڵاتییان بۆ بارەگای خەیرەزنە لە داوێنی کێوی ئاویەری سـنە قەدەغە کراوە و ئەوەش ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی لێکەوتووەتەوە.


بەپێ راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە لای راستی مەیدانی گازی سـنە و لە سەرەتای شوێنی گەشتیاریی ئاویەر لەسەر دیواری مەسیری بارەگای حەزرەتی خزری زیندە دیاری کراوە، پێشتر ئەوانەی سەردانی ئەو شوێنەیان دەکرد؛ دەبوو بە پێ بڕۆن؛ بەڵام دواتر هەتا پێش قەدەغەکردنی ئەو شوێنە زیارەتی ــ سیاحەتییە، هاتوچۆ بۆ بارەگای خەیرزنە لە رێگای جادەیەکی تایبەتەوە هەتا رادەیەک ئاسانتر بوو.

گوڕینی شێوازی کەلک وەرگرتن لە شوێنی زیارەتی ــ سیاحەتی خەیرەزنە بۆ مەیدانی تیری پادگان

لەشکری پیادەی سـنە، لە ماوەی نیوەی دووهەمی مانگی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوید بە هەڵواسینی تابلۆیەک لەژێر ناوی مەیدانی تیری پادگان هاتوچۆی هاووڵاتیانی بۆ شوێنی خەیرەزنە قەدەغە کردووە.

گۆڕێنی شێوازی کەلک وەرگرتن لە خەیرەزنە بۆ مەیدانی تیر و قەدەغەکرانی چوونی هاووڵاتیان بۆ ئەو شوێنە زیارەتییە و ئاماژە بە مەترسیی تەقینەوەی گولـلە و مەوادی تەقەمەنی لەلایەن لەشکری ٢٨ی پیادەی سـنە ناڕەزایەتیی و نیگەرانی هاووڵاتیانی سـنەیی بە تایبەت چالاکانی مەدەنی، فەرهەنگی و هەروەها وەرزشوانانی لێکەوتووەتەوە.

10246.jpg
لەشکری ٢٨ی پیادە، یەکێک لە گرینگترین شوێنە گەشتیارییەکانی سنەی کردووەتە مەیدانی تیرهاوێژیی پادگان


یەکێک لە شاخەوانەکانی خەڵکی سـنە کە بەپێی جۆری رشتەی وەرزشییەکەی زیاتر سەردانی خەیرەزنەی کردووە لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئیسنا ئەو کردەوەی لەشکەری ٢٨ی پیادەی سـنەی بێ‌ڕێزی بە هاووڵاتییان راگەیاندووە.

ئەو شاخەوانە کوردە لە درێژەدا رایگەیاندووە کە زیان گەیاندن بە گەورەیی و حورمەتی ئەو شوێنە لە قۆناغی یەکەمدا و دواجار کەم کردنەوەی بەشداریی هاووڵاتیان لەو شوێنە و وردەوردە لەناوبردنی بۆ نەوەکانی داهاتوو یەکێک لە سەرەکی ترین ئامانجەکانی رێژیمی ئێرانە.

بە سەرنجدان بە ئەوەی کە کێوی ئاویەر و بارەگای خەیرەزنە یەکێک لە گرینگترین شوێنەکانی گەشتیاری شاری سـنەیە، گۆڕینی ئەو شوێنە سیاحەتیە بۆ مەیدانی تیری پادگان بووەتە هۆی کەم بوونەوەی ژمارەی گەشتیارانی سـنە.

سەرەڕای ئەو بابەتانەی کە ئاماژەیان پێکرا، ئەو مەیدانە تیرەی پادگان کە لەلایەن لەشکری ٢٨ی پیادەی سـنە لە نزیک شوێنی نیشتەجێ بوونی هاووڵاتیانی کورد، بێ لەبەر چاوگرتنی ئەمنییەتیی گیانی هاووڵاتیان دروست کراوە.

پێشتریش، ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە راپۆرتێکدا لە زاری یەکێک لە هاووڵاتیانی سـنە بڵاوی کردبووە کە سەرەڕای دەنگی تیرهاوێژی لە کاتی شەودا، زبڵ وخاشاکی ئەو مەیدانە تیرەی رێژیم بە شێوەیەکی ناستاندارد لە نزیکی شوێنە گەشتیاریەکان فڕێ دەدرێت.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بۆ زیار شیکردنەوە و شرۆڤەی ئەم بابەتە، وتووێژێکە لەگەڵ، جەماڵ فەتحی، چالاکی مەدەنی و فەرهەنگیی خەڵکی شاری سنە پێک هێناوە.

دەقی وتووێژەکە بەم چەشنەیە:
10248.jpg


کوردستان میدیا: مەبەستی رێژیمی ئێران لەوەی کە لە شوێنێک لە نزیک شاری سنە (ئێستا شوێنی نیشتەجێ‌بوونی خەڵک زۆر لەو شوێنە نزیک بووەتەوە) مەیدان تیری داناوە بۆ چی دەگەڕێننەوە؟!

فەتحی: ئه‌م کاره‌ی رێژیم جگه‌له‌وه‌ی که‌ده‌یه‌وێت ترس و دڵه‌ڕاوکێ بخاته‌نێو خه‌ڵکی شاری سنه‌و له‌م رێگاوه‌خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌چاو‌ترسێن بکات هیچی دیکه‌ی تێدا به‌دی ناکرێت، چونکه‌هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ویستوویه‌تی ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای ئێران به‌تایبه‌ت کوردستان به‌شێوه‌ی میلیتاریزانە و نیزامی‌ داسه‌پێنێت.

کوردستان میدیا: پێتان وایە رێژیمی ئێران و لەشکری ٢٨، خەیرە زنەی (خضر زنده) بە چ مەبەستێک بۆ مەیدانی تیر هەڵبژاردووە؟!

فەتحی: خه‌یره‌زنه‌ یه‌کێک له‌ شوێنه‌ پیرۆزه‌کانی شاری سنه‌یه‌ که‌ رۆژانی هه‌ینی و پشوودان خه‌ڵک بۆ حه‌سانه‌وه‌ و به‌ڕێوه‌بردنی بۆنه‌ ئایینییه‌کان په‌نای پێ ده‌به‌ن، ئه‌م رێژیمه‌ که‌ له‌نێو کۆمه‌ڵگای کوردستاندا هیچ پێگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی نه‌بووه‌و نییه‌تی له‌هه‌ر جۆره‌کۆبوونه‌وه‌یه‌ک هه‌ست به‌مه‌ترسی ده‌کات، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و شوێنه‌ که‌ له‌ په‌نای کێوی ئاویه‌ر دایه‌ وه‌ک شوێنێکی نیزامی ده‌ر بهێنێت و ئیتر که‌س له‌به‌ر نه‌بوونی ئه‌منییه‌تی گیانی رووی تێ‌ نه‌کات.

کوردستان میدیا: ئەم هەوڵەی رێژیمی ئێران، لەلای خەڵک بە گشتی و چالاکانی ژینگەپارێز و فەرهەنگی نیگەرانییەکی جیددی دروست کردووە، ئێوە وەکوو چالاکێکی مەدەنی و فەرهەنگی، ئەم نیگەرانییە بۆ چی دەگەڕێننەوە، پێتان وایە ئەمە مەترسییەکە بۆ سەر خەڵک و هەروەها ئاسەواری خەیرە زنە؟

فەتحی: خەیرەزنە هەر وەک ئەرزم کرد شوێنێکی پیرۆزە بۆ خەڵکی سنە و دەوروبەری سنە و چۆن رێژیم هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە کە ئەو شتانەی یان ئەو شوێنانەی کە خەڵکی کورد دڵیان پێ خۆشە لە بەر چاویانی بخەن بۆیە بە بێ ڕێزی بە باوەڕەکانیان سیاسەت دەکات چۆن دەزانی ئاویەر لە لای خەڵکی سنە هێمای کوردایەتی و بەرخۆدانە و لە زۆربەی شیعری شاعیرە نیشتمانپەروەرەکاندا و هەر وەها لەم چەند ساڵەی دواییدا لەلایەن ژینگە پارێزانی سنەوە هەوڵێکی بەرچاو دراوە بۆ خاوێن راگرتنی ئاویەر و خەیرەزنە دەیەوێت ئەم هێما و سەمبولە لە نێو بەرێت و بیکاتە گۆڕەپانی نیزامی پادگانی ئەرتەش و سپای پاسداران.

کوردستان میدیا: کاک جەماڵ هەر وەک ئاگادارن، خەیرە زنە، شوێنیکی پیرۆزە بۆ خەڵکی شاری سنە، پێتان وایە کە رێژیمی ئێران بەو هەوڵە دەیهەوێ پیرۆزیی ئەو شوێنە بشکێنێت؟!

فەتحی: بێ گومان رێژیم تەنیا بەمەبەستی لە نێو بردنی ئەو پیرۆزییە و هێما نەتەوەییانەیە کە بەم شێوە پەلاماری ئاوەها شوێنگەلێک دەدات، چۆن دەزانی بە کوشتنی رۆڵەیەک کورد هەزاران رۆڵەی قارەمانی دیکە دێنە مەیدان بۆیە تێدەکۆشێت پەلامارەکانی بەزەبر و قورستر بێت.
کوردستان میدیا: کردنە مەیدان تیری خەیرە زنە، بێ‌حورمەتی بە خەڵکی شاری سنە نیە (شاخەوانێکی شاری سنە ئەم هەوڵەی بە بێ‌حورمەتیی رێژیم بە خەڵکی سنە ناو بردبوو)؟

فەتحی: لە تەواوی دونیادا پادگان یان شوێنی نیزامی لە شوێنی دانیشتنی خەڵک جیاوازە و مەودایەکی دیاری کراویان هەیە بەڵام رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی خێرا دەست پێراگەیشتن بە شوێنی نارەزایەتییەکانی خەڵکی و خێرا سەرکوت کردنی نارازییان تەواوی بنکە نیزامییەکانی بەتایبەت لە شارە کوردنشینەکان لە نێو شاردا دامەزراندووە، هەرچەندە ئەو شوێنە کە ئێستە پادگانی لەشکەری ٢٨ی کوردستانی لێ‌هەڵکەوتووە لە سەردەمی رێژیمی پێشوو (پادشایەتی) دروست کراوە بەڵام ئەو کاتە شار بەرادەی ئێستە پەرەی نەسەندبوو و لە دەرەوەی شار بوو بەڵام ئێستە کەوتووەتە ناوەڕاستی شارەوە کە ئەمە کارێکی دژەمرۆڤانەیە و بە پێچەوانەی کونوانسیۆن و یاسا نێونەتەوەییەکانە و هەم بێ رێزی و لەبەرچاو نەگرتنی مافە سەرەتاییەکانی هەر تاکێکی دانیشتووی ئەم شارەشە، چەند ساڵ پێشتر قەرار وابوو کە ئەو پادگانە بگوازنەوە بۆ شوێنێکی دیکە بەڵام تەنیا لە ئاستی قسەدا بوو و بە کردەوە هیچ هەنگاوێکی بوو هەڵنەگیرا.

10243.jpg


کوردستان میدیا: لەشکری ٢٨ی پیادە ئیدیعای ئەوەی کردووە کە ئەو شوێنە (خەیرە زنە و دەوروبەری) مڵکی لەشکری ٢٨ پیادەیە و ئەو لەشکرە سەنەدی ئەو رووبەرەی هەیە، ئێوە راتان سەبارەت بەمە چییە؟!

فەتحی: نەخێر، پادگان لەسەردەمی رێژیمی پاشایەتیدا لەلایەن ئەو رێژیمەوە وەکوو شوێنێک بۆ بنکەی نیزامی داگیر کراوە و ئەم شوێنە (خێرەزنە و نزیکەو پادگانی لەشکری ٢٨ی کوردستان) لە بنەڕەتدا هی بنەماڵەی شێخولئیسلامییەکان و کشاوەرزەکانە کە ئەم دوو بنەماڵە لە بنەماڵە بەناوبانگەکانی شاری سنەن، کە شێخول‌ئیسلامییەکان هەڵدەگەڕنەوە بۆ مەڵا لوتفوڵڵای شێخولئیسلامی کە مزگەوتێکیش بە نێوی نابراو لە پشت ئوستانداریی سنەوە هەیە و ئێستەش هەر لە نێوان ئەم بنەماڵانە و پادگاندا مشتومڕ هەیە واتە ئەم شوێنە بە زۆرەملی داگیر کراوە و ئەگەریش تاپۆیەک بە نێوی پادگانەوە بوونی هەبێت، ئەوە دەسکرد و ساختەکراوە و بە حوکمی دەسەڵات بەدەستیان هێناوە.
کوردستان میدیا: لە پرسیاری کۆتاییدا، ئایا پێتان وایە رێژیمی ئێران بەم هەوڵە بەو مەبەستانەی کە هەیەتی دەگات؟! و ئەم هەوڵەی رێژیم تا چەندە سەرکەوتوو دەبێت؟!

فەتحی: پێم وا نییە ئەم رێژیمە بەمجۆرە کارانە بتوانێت ورەی خەڵک دابەزێنێت لەبەر ئەوەی کە خەڵک ئیتر لەگەڵ سیاسەتەکانی ئاشنان، من پێم وایە هیچ کەسێک و هیچ دەوڵەتێک هەتا ئێستە بە رادەی نەتەوەی کورد ئەم رێژیمە و سیاسەتەکانی نەناسیوە چۆن هەر لە بنەڕەتدا وەک دوژمنی نەتەوەی کورد خۆی پێناسە کردووە و پێویست بووە کە بە باشی بیناسن، هەرچەندە نەتەوەی کورد لە لایەن رێژیمەوە زۆر زەرەری لێکەوتووە بەڵام قەت نەیتوانیوە بە چۆکی دابێنێت بۆیە بۆ لە نێوبردنی هەستی نەتەوەی کورد لە هەر شێوەیەک کەڵکی وەرگرتووە کە یەکێکیان ئەوەیە دەزانێ تاکی کورد بەپێی سایکۆلوژییەکەیەوە پێوەندییەکی پتەوی لەگەڵ سروشت هەیە؛ دەیەوێت ئەو پێوەندییە بە لە نێوبردنی سروشتە دڵڕفێنەکانی کوردستان بپسێنێت و رەوانی تاکی کورد بەرەو ئاڵۆزی و داڕووخان ببات و رەوتێکی بەربڵاوی وەک ئاورتێبەردان و نیشتەجێ کردنی خەڵک لە شوێنە سەیرانگاییەکان دەسپێکردووە وبەم جۆرە هەوڵ ئەدا سیمای کوردستان بشێوێنێت و ئیتر کەسانی دیکە وەکوو تووریست روو لە کوردستان نەکەن و تەنیا داهات و دڵخۆشی خەڵک بەیەکجاری بفەوتێنێت.

10242.jpg
خەیرەزنە، یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی شاری سنەیە کە ساڵانە گەشتیارێكی زۆر لە شارەکانی دیکەی کوردستان و ئێرانەوە رووی تێدەکەن