کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەتیس: دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران بە قازانجی خەڵکی ئێران نییە

11:48 - 9 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: سیاسەتە دەرەکی و نێوخۆیییەکانی ڕێژیمی ئێران هیچ کات لە ڕاستای قازانجی خەڵکی ئێران نەبووە.

جەیمز مەتیس، وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕێکەوتی ٨ی خەزەڵوەر، لە دانیشتنێک لە "ئەنستیتۆی ئاشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان"، لە "واشنتۆن دی.سی" باسی لە دەستیوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە و عێراق کردووە و  هاتنەدەرەوەی هێزەکانی ڕێژیم ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە کردووە.

ناوبراو لەو پێوەندییەدا وتوویەتی: "ئەم شەڕە و دەستێوەردانانەی تاران لە وڵاتانی دیکە بۆ خەڵکی ئێران شەڕێکی بێبەرهەمە و بەس تێچووی بۆیان هەیە".

جەیمز مەتیس، هەروەها باسی لەوە کردووە، کە هەبوونی ڕێژیمی ئێران لە سووریە هیچ یارمەتییەک بە ڕەوتی ئاشتی نادات و میلیشیاکانی سەر بەم ڕێژیمە لە سووریەدا دەورێکی "تێکدەرانە" دەگێڕن.

بەرپرسانی ئامریکا بەردەوام باس لە گۆڕینی سیاسەتە دەرەکی و نێوخۆیییەکانی ڕێژیمی ئێران دەکەن، چونکە هۆکاری هەموو ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بۆ چۆنیەتی و چییەتی ئەم سیاسەتانە دەگێڕنەوە، بەڵام ڕێژیم کە لەسەر نەگۆڕینی سیاسەتەکانی پێداگری دەکات، باش دەزانێت کە ئاڵوگۆڕی سیاسەتەکان بە مانای نەمان و ڕووخانییەتی.