کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەحکوومبوونی سێ بەرپرسی ڕێژیمی سووریە لە لایەن دادگایەکی فەڕانسەوە

11:03 - 15 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: دادگایەکی فەڕانسە حوکمی دەسبەسەرکردنی سێ بەرپرسی پلەبەرزی ڕێژیمی بەشار ئەسەدی بە تاوانی "بەشداریی لە جەنایەتی شەڕ" پەسەند کرد.

دادوەرێکی فەڕانسەیی، ڕۆژی دووشەممە ١٤ خەزەڵوەر، حوکمی دەسبەسەریی نێونەتەوەیی بۆ سێ بەرپرسی ڕێژیمی بەشار ئەسەدی دەرکرد، ئەم سێ بەرپرسە بە هۆی "بەشداریی لە جەنایەتی شەڕ"، بەشداریی لە بێسەروشوێنکردن"، "بەشداریی لە ئەشکەنجەکردن" و "بەشداریی لە جەنایەتی بە دژی مرۆڤایەتی" بە تاوانبار ناسێنران.

تاوانی ئەم سێ کەسە، بۆ دۆسییەی کوژرانی دوو هاووڵاتیی سووریەیی ـ فەڕانسەیی، لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینیدا، بە ناوەکانی "مازەن" و "پاتریک دەباغ"، دەگەڕێتەوە، کە باوک و کوڕ بوون.

ناوی ئەم سێ کەسە بە ناوەکانی: "عەلی مەملووک"، ڕاوێژکاری پلەبەرز و سەرۆکی ڕێکخراوی ئەمنییەتیی سووریە، "جەمیل حەسەن"، سەرۆکی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی هێزی ئاسمانیی سووریە و "سەلام مەحموود"، یەکێک لە بەرپرسانی ئیتلاعاتی هێزی ئاسمانیی سووریە ڕاگەیەندراوە.

زانیارییەکان لەسەر تاوانەکانی ئەم سێ کەسە، لە لایەن وێنەگرێکی سووریەیی بە نازناوی "سزار"ەوە کە پێشتر هاوکاریی لەگەڵ ڕێکخراوی ئیتلاعاتی نیزامیی سووریە هەبووە و پاش هەڵهاتن بۆ فەڕانسە ئاشکرا کراوە، کە زیاتر لە ٥٥ هەزار بەڵگە و دێکۆمێنت و وێنە لە پێوەندیی لەگەڵ جەنایەت و کوشتنی بەندکراوان بوون.