کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرگی کۆڵبەران درێژەی هەیە

12:41 - 23 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: لە ماوەی سێ ڕۆژدا ٣  کۆڵبەری کورد لە چیاکانی کوردستان بوونە قوربانی؛ کە دوودانەیان گیانیان لە دەست داوە و ئەوی دیکەش بە توندی بریندار بووە.

بە پشت بەستن بە ئاژانسی هەواڵدەریی "کوردپا"، ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٢٢ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد، لە سنووری شاری خۆی بوونەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران و لە ئاکامی ئەم تەقەیەدا، کۆڵبەرێکی کورد به ناوی "هادی نعمەتی"، تەمەن ٢٩ ساڵ، به توندی بریندار بووه.

ئەم کۆڵبەرە کوردە، لە بەرزایییەکانی "قوتوور" لە خاڵی سنووریی خۆی، کەوتووەتە بەر تەقەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم لە لایەن نێوقەد و لاقییەوە بە توندی بریندار بووە. دواتر ئەم کۆڵبەرە کوردە بۆ نەخۆشخانەی شاری تەوریز  ڕاگوێزراوە و بە گشتی دۆخی تەندروستییەکەشی خراپ وەسف کراوە.

هادی نعمەتی، خێزاندارە و منداڵێکی هەیە، که ماوەی دوو ساڵە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی بنەماڵەکەی، ڕووی لە پیشەی کۆڵبەریی لە ناوچە سنوورییەکاندا کردووە.

هاوکات ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢١ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "جەواد گوڵابی" تەمەن ٣٥ ساڵ خەڵکی گوندی "مەلوونە" سەر بە ناوچەی سۆمای برادۆست بە هۆی هاتنی ڕنوو گیانی لە دەست داوە.

هەر لەم پێوەندیەدا، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد به ناوی "زانیار عەزیززادە" کوڕی سلێمان، خەڵکی شاری پیرانشار، به هۆی سەرمابردوویی گیانی لە دەست دابوو.

ئەم کۆڵبەرە کوردە، به هۆی زۆربوونی سەرما لە بەرزایییەکانی "ئالانە"، لە سنووری پیرانشار، لە کاتی کۆڵبەریدا گیانی خۆی لە دەست داوە.