کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەریوان پەیمانی وەفاداری نوێدەکاتەوە

11:59 - 26 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری مەریوان، بۆ جارێکی دیکە یادی ٢٢ی پووشپەڕیان بەرز ڕاگرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی پووشپەڕ، ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری مەریوان، بە ئەنجامدانی چالاکیی بەرینی تەبلیغی، بۆ جارێکی دیکە و لە سیهەمین ساڵوەگەڕی تێرۆرکرانی ڕێبەری گەورەی گەلی کورد، یادی ئەو ڕێبەرە بلیمەتەیان بەرز ڕاگرت و بەگژ سیاسەتە چەوتەکانی داگیرکەردا چوونەوە.

ئەندامانی حیزب لەو چالاکییەدا، بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە شوێنە گشتییەکان و نووسینی دروشمگەلێک وەک: "دوکتور قاسملوو ڕێبازە"، "بژی قاسملوو"، "شەهید قاسملوو لە ڕێبازیدا زیندووە"، "شەهید نەمرە وەکوو شاخ" و "تێرۆر چەکی فاشیزمە"، ئەو کردەوە نامرۆڤانەیەی تێرۆری شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوویان مەحکووم کرد.

ئەو شوێنانەی چالاکیی لێ ئەنجام درابوو، بریتی بوون لە: "جادەی کەمەربەندی، پارکی شنە، داسێرانی قەدیم و گەڕەک و کۆڵانەکانی مزگەوتی هەژارە."

هاوکات لەگەڵ ئەو چالاکییەدا ڕایانگەیاندووە کە تووڕەیی خۆمان لەمەڕ داگرتنی ئاڵای کوردستان لە تەنیشت پارکی "شنە"ی ئەو شارە دەردەبڕین و بە کارێکی ترسنۆکانەی دەزانین و سەرجەم ئەو خۆفرۆشانە و بکەرانی ئەو کارە قێزەونە ناسراون و لێخۆشبوونیان نییە.