کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەسعود نۆسرەتی: شارەدارییەکان توانای دابینکردنی مووچەی کرێکارەکانیان نییە

10:48 - 10 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: لێپرسراوێکی دەزگای شارەداری و دێهیارییەکان ڕایگەیاندووە کە شارەدارییەکان بەتایبەت لە شارە بچووکەکاندا کێشە و گرفتی زۆریان هەیە و توانای دابینکردنی پارە و مووچەی کرێکار و کارمەندەکانیان نییە.

لە چەند مانگی ڕابردوودا ئێعترازی کرێکارانی شارەدارییەکان لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران بووەتە سەردێڕی هەواڵی هەواڵدەرییەکان؛ لەم ڕاستایەشدا جێگری بەڕێوەبەریی دەزگای شارەداری و دێهیارییەکانی ئێران دانی بە بوونی قەیرانێکی قووڵ لە شارەدارییەکاندا ناوە و وتوویەتی: ئێمە توانای دابینکردنی مووچەی کرێکارەکانمان نییە.

مەسعود نۆسرەتی جێگری بەڕێوەبەری شارەداری و دێهیارییەکانی ئێران وتوویەتی: نەبوونی بودجەی پێویست و ئاسانکاری و هەروەها بوونی گەندەڵی ماڵی و ئیداری دوو گرفتی سەرەکی شارەدارییەکانە و ئەوەیکە ڕێگەی بۆ هاتنەگۆڕی ئەم گرفتانە خۆش کردووە بریتییە لە نەبوونی چاوەدێری ورد.

ماوەیەک پێش ئێستاش موحسێن بیگلەری، بەناو نوێنەری شارەکانی سەقز و بانە لە مەجلیسی رێژیم ڕایگەیاند: ئاستەنگە ماڵییەکان لە بەردەم شارەدارییەکاندا بووەتە هۆی نەدانی مووچە و ئەمەش، شارەدارییەکانی لەگەڵ کێشەی جیددی بەرەوڕوو کردووەتەوە.

ئەو مۆرەی ڕێژیم وێڕای ئاماژە کردن بە درێژبوونەوەی ماوەی پێنەدانی پارەی کرێکارانی شارەدارییەکان ڕایگەیاند: بە هۆی زۆربوونی ژمارەی کرێکاران لە شارەدارییەکان و پێنەدانی پارە بەو کرێکارانە کێشە بۆ بنەماڵەکانیان دروست بووە؛ شارەدارییەکانی پارێزگای سنە بە هۆی قەرزداربوونیان و پارەی دواکەوتووی چەند میلیاردی تووشی دۆشداماوی بوون؛ ڕاشیگەیاند: شارەداری شاری سەقز وەکوو قەزردارترین شارەداری پارێزگای سنە زیاتر لە ١٤٠ میلیارد تمەن قەرزدارە و ئەمەش بووەتە هۆی پێنەدانی "دست چک" لە لایەن بانکەوە بەو ناوەندە.