کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەسعوود پزشکیان: ٢٨٠٠ زانکۆی بێ ئامانج لە ئێراندا هەن

11:58 - 17 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: جێگری بەرپرسی مەجلیسی شۆرای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ڕەخنەی لە زۆربوونی زانکۆوەکان گرتووە و بە زانکۆگەلێکی بێ ئامانج ناوی بردوون.

مەسعوود پزشکیان، جێگری بەرپرسی مەجلیسی شۆرای ڕێژیم، بە بۆنەی ڕۆژی ١٦ی سەرماوەز، ڕۆژی خوێندکار لە ئێراندا، لە نێو کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆی کیشدا ڕەخنەی لە زۆربوونی زانکۆوەکان لە ئێراندا  گرتبوو و وتبووی: لە ئێراندا ٢٨٠٠ زانکۆ هەن و ئەم ڕێژەیەش زۆر زیاترە لە ڕێژەی زانکۆوەکان لە ئورووپادا.

جێگری بەرپرسی مەجلیسی ڕێژیم، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتبووی: "هەندێک لە بەرپرسان شانازی بەم ڕێژە زۆرەی زانکۆوەکانەوە دەکەن، بەبێ ئەوەی بزانن بوونی ئەم ژمارە زۆرە بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی زانستی پەروەردەی ئێران".

هەروەها ناوبراو باسی لەوە کردبوو، لە زانکۆوەکاندا ڕشتەگەلێک دەخوێنرێن کە لە بازاڕی کاردا کارایییان نییە و جەختی لەوە کردبووەوە، کە دەبێت لە زانکۆوەکاندا گرنگی بە ڕشتەگەلێک بدرێت کە کاتێک خوێندکار زانکۆی تەواو کرد بتوانێت لەو بەشەی خۆیندکار بدۆزێتەوە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە "هەڵهاتنی مێشکەکان" دابوو و هۆکارەکەی پەیوەندی دابوو بە هەڵسوکەوتی نادروستی بەرپرسانی ڕێژیم، وتبووی: "بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامی پیاو زێڕینەکانی "مردان طلایی" ئەم وڵاتە پشتگوێ دەخەن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەم کەسانە وڵات بەجێ بهێڵن".

بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامی وەک پیشەی هەمیشەیییان، تەنیا ئاماژە بە کێشەکان دەکەن و هیچ ڕێگەچارەیەک پێشنیار ناکەن و ئەمە یەکەمجار نییە کە بەرپرسانی ڕێژیم لە بارەی خراپی چۆنیەتی و ئاستی پەروەردەوە دەدوێن.