کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەکارم شیرازی: دەوڵەت قەرزداری "قومـ"ـە

17:54 - 26 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: یەکێک لە ئاخوندەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە، که بەرپرسان هەرچی زیاتر سەرنجی شاری قوم بدەن دیسانەوە کەمە؛ بە وتەی ئەم ئاخوندە دوڵەت قەرزداری ئەم شارەیە!

ئاخوند ناسر مەکارم شیرازی، لە وتووێژێکدا کە لە هەواڵدەریی حکوومەتیی "ئیسنا"دا بڵاوکراوەتەوە، باسی لەوە کردووە، که شاری قوم وەکوو گەورەترین ناوەندی زانستی دنیای ئیسلام، لەگەڵ شارەکانی دیکە جیاوازی هەیە.

ئەم ئاخوندە هەروەها رایگەیاندووە: که ئەم شارە بەو پارانەی که لە لایەن زیارەتکەرانی نێوخۆ و دەرەوەی ئێرانەوە بۆی دێت، بەشێکی بەرچاو لە تێچووەکانی ڕێژیم وەک: پارەی ئیمام جەماعەتەکان، پارەی عەقیدەتی سیاسی، پارەی دادوەرەکان و زۆر پارەی دیکە دابین دەکات و ئەم کارانە بە پارەی دەوڵەت جێبەجێ نابن.

ناوبراو، بە ئاماژه بەو خاڵانەی سەرەوە داوای کردووە، که بەرپرسان سەرنجێکی زۆرتر بدەنە ئەم شارە چونکه به وتەی ئەو، دەوڵەت قەرزداری ئەم شارەیە.

قسەکانی مەکارم شیرازی، سەبارەت بە دابینکردنی پارەی ناوەندەکانی ڕێژیم، لە لایەن شارە ئایینییەکانەوە لە حاڵێكدایە، کە هەموو ساڵێک زۆرینەی بوودجەی دیاریکراوی ڕێژیم بۆ ئەم شوێنانە تەرخان دەکرێت و بۆ سازکردنی گومەزی ئەم بنکە و بارەگایانە لە زێڕ کەڵک وەردەگیردرێت.

رێژیمی ئێران، لە سازکردنی شوێنە ئایینییەکاندا به مەبەستی پەرەپێدان به بیری ئیدئۆلۆژیکیی خۆی، زۆرترین تێچوو تەرخان دەکات و پارەیەک کە لە لایەن زیارەتکەرانەوە دەچێتە نێو ئەم سندووقی بنکە و بارەگایانە تەنیا بۆ بەرپرسانی ڕێژیم و ئەو ئاخوندانەیە کە هەوڵی فریودانی خەڵک لەژێر ناوی ئایین و مەزهەبدا دەدەن.