کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناتۆ: پشتیوانی کۆماری ئیسلامی لە تێرۆریزم مەحکوم دەکەین

11:45 - 21 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕێکخراوی ناتۆ کۆماری ئیسلامی بە ناسەقامگیرکردنی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند: هەموو پشتیوانییە ماڵییەکان لە تێرۆریزم لەوانەش پشتیوانی کۆماری ئیسلامی لە گرووپە چەکدارە تێرۆریستییەکان مەحکووم دەکەین.

بەرەی پەیمانی ئاتلانتیکی باکوور (ناتۆ) لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕ بڵاو کراوەتەوە، ئەم رێکخراوە نێودەوڵەتییە کۆماری ئیسلامی بەهۆی پاڵپشتی سیستماتیک لە تێرۆریزم مەحکووم کردووە و ڕایگەیاندووە: لەهەمبەر تاقیکارییە مووشەکییەکانی ئێران، خێرایی و وردبینی مووشەکەکانی ئێران نیگەرانین.

هەروەها داوای لە تاران کردووە بەتەواوەتی پێبەند بێت بە بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنیەت و واز لە کردەوەگەلی دژ بەم بڕیارنامە بهێنێت کە بوونەتە هۆی ناسەقامگیری ناوچە.

بەپێی یەکێک لە بەندەکانی بڕیارنامەی ٢٢٣١ کە پاش ڕێککەوتنی ناوکی لە شۆرای ئەمنیەت پەسند کرا، کۆماری ئیسلامی ئەرکدار کراوە کە واز لە تاقیکاری مووشەکی بالیستکی بهێنێت کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکی هەیە، بەڵام لە دوو ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی بێ‌گوێدان بەم بەندە سەرقاڵی تاقیکارییە نایاساییەکانی خۆی بووە و تەنانەت مووشەکە درووست‌کراوەکانی دەستی ئێران لەلایەن گرووپە تێرۆریستییەکانی وەک حوسییەکانی یەمەن و هەندێک گرووپی تێرۆریستی دیکە بینراون کە دژ بە وڵاتانێکی وەک عەرەبستان کەڵکیان لێوەرگیراوە.