کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناردنی ماهوارەی پەیام بۆ فەزا سەرکەوتوو نەبوو

16:04 - 26 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: ناردنی ماهوارەی "پەیام" لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ جێگیربوون لە مەداری زەویدا سەرکەوتوو نەبوو .

مەحەممەدجەواد ئازەریی جەهرۆمی، وەزیری پێوەندییەکان و فەناوەری زانیارییەکانی ڕێژیمی ئێران، باسی لەوە کردووە، کە ڕۆژی سێشەممە ،٢٥ی بەفرانبار، کاتژمێر٤ی بەیانی، ماهوارەیەک بۆ فەزا نێردراوە و دوای تێپەڕکردنی دوو بڕگە بە سەرکەوتوویی، لە بڕگەی سێهەمدا نەیتوانی بگاتە ئاستێکی خێرا و لە مەداری زەویدا جێگیر نەبوو.

هەواڵی هاویشتنی ئەو ماهوارەیە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە ڕاگەیەندرابوو.

پێشتریش ئامریکا هاویشتنی ئەو ماهوارەی به پێشێلکردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایش زانیبوو و فەڕانسەش داوای لە ئێران کردبوو  لە هاویشتنی ئەو ماهوارە خۆی ببوێرێت.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی هائارتێس، بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لەوە کردووە، کە هاویشتنی ماهوارە بۆ فەزا، لە راستیدا بەشێک لە بەرنامەی ڕێژیمی ئێران بۆ پەرەپێدانی مووشەکە بالێستیکەکانە و ڕێژیمی ئێرانی بەوە تاوانبارکرد، کە بەردەوام لە حاڵی درۆکردنە.