کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناسنامە و جێگای کۆمەڵایەتی ژن لە ناو کۆمەڵگا

18:27 - 16 رەشەمه 2718

بە بۆنەی رۆژی جیھانی ژن

ڕێبوار مەسعودی

ژنان ئەگەر خۆیان لەبیر نەکەن،ھیچ کات لە بیر ناچن(ئێلیمپ دوگوژ)

ھەموو ساڵێک ژنانی دونیا بێجگە لە ژنانی وڵاتی ئێمە، کە بە بۆنەی ئەم رێژیمە دواکەوتووە ئیسلامییەوە مافی رێکخستنی شایی و خۆشیان نییە، بەرەو پێشوازی ھەشتی مارس دێن و تێدەکۆشن تا بەرامبەر بە سەرەڕۆیی و دواکەوتوویی قارەمانانە راوەستن و خەبات بکەن،ھەشتی مارس یەکێک لە ڕۆژە بە نرخەکانە کە لە لایەن خەڵکی پێشکەوتووەوە جەژن و شایی بۆ دەگیرێت و بە یەکێک لە باشترین و پیرۆزترین رۆژەکان ناوی دێنن، لە حەقیقەتدا رۆژی جیھانی ژن ھاوکاتە لەگەڵ خۆپیشاندانی ژنانی قارەمانی کارخانەکانی ڕستن و چنین لە شاری نیۆیۆرکی ئەمریکا کە لە ڕێکەوتی ٨ی مارسی ١٨٧٥ بە بۆنەی کەمبوونی مووچەی کرێکاران دەستیان بە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی کرد کە لە لایەن دەوڵەتی ئەو کاتی ئەمریکاوە سەرکوت کرا، ئەم دەربڕینی ناڕەزایەتییە بەھەر بیانوویەک بوو، بۆ تەواوی ئەو ژنانەی کە لە ژێر ستەمدا بوون بوو بە ھۆی ئەوەیکە ژنان وردە وردە زانیاری لە سەر ماف و مووچەی خۆیان بەدەس بێنن و بۆ مافە پێشێلکراوەکانیان تێبکۆشن و داواکاری بەرزبوونەوەی مووچەی کرێکاری و دابەزینی کاتی کار و چاک بوونی بارودۆخی کار بوون، چەسپاندنی رۆژی ژن بە ھۆی خەباتی بەردەوام و شێلگیرانەی میلیۆنان ژنی خەباتگێڕ و چالاک کە لە ساڵانی رابردوو لە تەواوی دونیا کردوویانە پێک ھاتووە.

 خەباتی ژنان و چالاکوانانی مافی ژن لە تەواوی جیھان رێگایەکی پر لە ھەوراز و سەختیان بڕیوە کە بۆتە ھۆی بەدەستھێنانی داھاتێکی زۆر باش و بێ وێنە، لە ھەشتی مارسی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا دەستدرێژی و کوشتن و توندوتیژی و زیندانی کردنی ژنان و بەمێرددانی زۆرەملێی کچانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ، ھەمووکات سەرنجی رۆژنامە و میدیاکانی بۆ لای خۆی راکێشاوە کە بەداخەوە ئێمە رۆژانە  شاھیدی بابەتگەلێکی پەیوەندیدار بە جینایت و توندوتیژی بەرامبەر ژنان و کچان لە ناو وڵاتدا ھەین، کە چەند ھۆکاری سەرەکی ھەیە و دەتوانین ئاماژە بەمانە بکەین: نەبوونی ئەمنیەت و بوونی فەساد و گەندەڵی بەربڵاو لە ناو حکومەت، دەمارگرژی لەڕادەبەدەری مەزھەب و ئایین و ھەروەھا هەژاری کە ئەساسی زیادبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بووە.

ژنانێکی زۆر لە وڵاتی ئێراندا بە ھۆی توندوتیژی لە ناو کۆمەڵگا، مێرد کردنی بە زۆری و ھەروەھا تەجاوز بە شەرەف و نامووسیان خۆیان سووتاندووە یان بەداخەوە خۆیان کوشتووە کە ناوەرۆکی ئەو خۆسووتاندن و خۆکوژییە شێوازێک لە خەبات بۆ ڕزگاری و دەربڕینی ناڕەزایەتی و ئێعترازێک بووە بەو شەرایەتەی کە ھەیانبووە، ھەرچەند توندوتیژی و ستەم بەرامبەر بە ژنان و ھەروەھا دیکتاتۆریەتی حکومەتەکان لە ناو وڵات، پەیوەندییەکی ئەساسی و بۆنیادی و راستەوخۆی لە گەڵ بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری وفەرھەنگیدا ھەیە، ھیچ وڵاتێک و ھێزێک ناتوانێ بۆ ژن ئازادی و ئەمنیەت بێنێ مەگەر ئەوەیکە خۆیان بەو زانیارییەی بگەن و یەکدەنگ و یەکھەڵویست بن لە تێکۆشان بۆ بەدەستھێنانی مافەکانیان، لە وڵاتانێک کە ژنان بە مافە سەرەتاییەکانیان گەیشتوون سەرئەنجامی چەند دەیە گیانبازی و تێکۆشان و ھاودەنگی رێکخراوەکانی مافی ژن و خەبات و پێشکەوتوویی ژنان بووە، ئەوەیکە مرۆڤەکان لە ڕێگای مبارزە و رەنج و تێکۆشانێکی بێوێنە بەدەستیان ھێناوە ئیمکانی نییە کە بە ئاسانی لە دەستی بدەن، بارودۆخی ژنان لە وڵاتی ئێمە زۆر تاریک و بەژانتر لە ھەر جێگایەکی دیکەیە، بە ھەر حاڵ بارودۆخی ئێستا ئەبێ زانیاری ژنان بگەیەنێتە ئەو ئاستەی کە تەنیا رێگای ئازاد بوون لە کۆیلایەتی و ژێردەستە بوون، پەیوەندی بە خەباتێکەوە هەیە کە لە ناو ناخ و دڵ و دەڕوونی ئەواندا ھەیە، ناوەرۆکی خەباتی ژنان لە ھەر وڵاتێکدا بە ھۆی بارودۆخی تایبەتی خۆیان جیاوازە کە بەداخەوە ژنانی وڵاتی ئێمە لە چارەڕەشترین ژنانی جیھانن چوونکە ساڵانێکی زۆرە لە ژێر ستەم و ئازارێکی زۆردان و تووشی رەنج و مەینەتییەکی زۆر بوونە لە حاڵێکدا کە سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران لە لایەن حکومەتی دیکتاتۆری ویلایەتی فەقیە بەتاڵان دەبرێ بەڵام نەیتوانیوە و نایھەوێ چکۆلەترین ھەنگاو بۆ باشتربوونەوەی ئەم بارودۆخەی خەڵک ھەڵبگرێ کەواتە چۆن دەتوانێ بیر لە ژن و مافی ژنان بکاتەوە؟ دەسەڵاتی حکومەت لە ژێر ناوی ئیسلام بە درێژایی چوار دەیە زەربەیەکی گەورەی لە خەبات و تێکۆشانی ژنان داوە کە دەربازبوون و ئازادبوون لەم رەنج و بەدبەختییە، سەخت و درێژەدار کردووە.

دەرکەوتنی بارودۆخی حەقیقی ژنانی وڵاتی ئێمە لە ناڵەی پر لە دەردی ھەزاران ژنە کە لە وڵاتی ئێران لە ژێر ستەم و توندوتیژیدان کە لەژێر ناخۆشترین بارودۆخدا ژیان دەبەنە سەر و ھیچ کەسیش بە ھانایانەوە ناچێ، بۆ دەربازبوون لەم دۆزەخە رێگایەک جگە لە زانیاری گەیاندن و تێکۆشان تا گەیشتن بە مافی ژنان بوونی نییە.

دەتوانین رۆژی جیھانی ژن بکەینە رۆژێک کە بڕیاری لەنێوچوونی ریشەی چارەڕەشی ژنانی نیشتمانی داگیرکراومان لە لایەن رێژیمی دیکتاتۆری ئاخوندییەوە بێت، کێشەی ژنانی وڵاتی ئێمە کێشەیەک نییە کە لە ناخیاندا ھەیە؛ بە بڕوای من بەشێکە لە کێشەیەکی گەورەتر و ریشەدارتر کە خۆی نیشان داوە، بە شێوازێکی تر کێشەی ژنان شێوازێکە لە نەخۆشییەک، نەخۆشییەکی گەورە و مەترسیدار کە ئەمڕۆ ھەموو خەڵکی ئەو وڵاتەی داگیر کردووە و بۆتە ھۆی رەنج و مەینەتی خەڵک، ئەو نەخۆشییە بریتییە لە نەبوونی سیستمێکی حکومەتی دێموکراتیک و نەبوونی کردەوە و رەفتارێکی سالمی کۆمەڵایەتی، بۆ باشترکردنەوەی هەلومەرج و جێگەی کۆمەڵایەتی ژنان زیاتر لە ھەر شتێکی دیکە پێویستمان بە خەباتێکە  کە لە لایەک توانای داڕشتنی پیلانێکی دەقیقی بۆ کار و تێکۆشانێ کە بەرامبەر هەڵاواردن راوەستێ و لە لایەکی دیکەوە ھەوڵی خۆی لە راستای گۆڕینی "زانیاری" بە "ئەرزش و کردەوەکانی" نھادینەکراوی کۆمەڵایەتی بدات، لە ھەنگاوی دواتر فێرگە و پەروەردەکردنی ژن و پیاو بە شێوەی تاک و کۆمەڵ زۆر زۆر گرینگە، فێرکردن یەکێک لەم دوو بەشە و لەپەراوێزخستنی یەکێکی تریان بە ھیچ جێگایەک ناگات، ھەر دوولا ئەبێ لە بواری مافی خۆیان زانا بن و زانیاریان بەرامبەر بە  مافی یەکتر ھەبێ تا بتوانن ئەو مافانە بپارێزن، ئەمە یانی یەک پلان و بەرنامەیەکی رەوشمەند کە ھاوکات لە سەرەوە بۆ لای خوار(تەتبیقی بەرنامەی دەقیق لە لایەن سازمانەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و دەوڵەتی لە سەر خەڵک) و ھەم لە خوارەوە بۆ سەرەوە(بە فێرکردنی خەڵک بەستەرێکی باش بۆ گەشەپێدان بە باوەربەخۆبوون و دەرکێکی باشتر لە مافی خۆیان و کەسانی بەرامبەریان و ھەڵکەوتنی کەسایەتی و بەدیھێنانی گروپەکانی کۆمەڵایەتی سالمتر) لە حاڵی تەکمیل بوون بێ، تا ئەو کاتەی کە وەها سیستمێک بوونی نەبێ ناتوانێ زەمانەتێک بۆ کۆمەڵگایەکی باشتر لە داھاتوودا بێ، ئێمە پێویستمان بە سیستمێک ھەیە کە بە شێوازێکی رەوشمەند کەسانی زانا و بەعەقڵییەت و فکریەتێکی سالم و درووست پەروەردە بکات، بەڵام رۆڵی فێرکردنی تاکەکەسیەکانیش لەم رێگا زۆر زۆر گرینگە،ھەرچەند سیستمەکە تەواو و کارا و باش بێ بەڵام فێرگەی تاکەکەسی هێواش بێ و کەسایەتییەکان رێگایەکیان بۆ گەیشتن بە خۆناسی و باوەڕبەخۆبوون و دەرکی بەرپرسایەتییەکانی شارۆمەندی نەبێت، کۆمەڵگای مەدەنی نە دەتوانێ بەرەوپێش بچێ و نە ھیچ کارێکیش بکات، بە بڕوای من پڕۆسەی تەکامۆڵی ھاوشان لە فەرش(مەتن) بۆ عەرش(ئەوج)و لە عەرش بۆ فەرش بۆ ھێنانەوەی گۆڕانکارییەکی ھەمەلایەنە لە فەرھەنگی جنسیەتی وڵات پڕۆسەیەکی حەیاتی بە ئەژمار دێت، لە لایەکی دیکەوە تا وەها رێژیمێک لە سەر کار بێت و تا گۆڕانکارییەکی ئەساسی و بۆنیادین لە لایەن ھێزێکی مۆدێرن و دێموکراتیک درووست نەبێ و کۆمەڵگا لە داگیرکاری ئازاد نەبێ و بە کۆمەڵگایەکی نوێ نەگۆڕدرێ ئەم شەرایەتە ھەروەھا دەمێنێتەوە و ژنان ھەر وەک ھێزێک کە لە ژێر ستەم و قوربانیانی مێژوو دەمێنێنەوە و ھیچ گۆڕانکارییەک لە بارودۆخی ناخهەژێنی ژنان نایەتە پێشێ، بۆیە تەنیا رێگای ڕزگاری ژن گۆڕانکاری ئەساسی لە ریشەی نیزام و کۆمەڵگادایە کە ئەبێ ئەو گۆڕانکارییە بکرێت و کۆمەڵگا بە کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و مۆدێڕن بگۆرین و دەستی دەسەڵاتداران و دیکتاتۆرەکان ئەبێ کوورت بکەینەوە و ئەم  پلانیشە تەنیا بە ھاوکاری وھاودەنگی بەشی چالاکی ھێزەکانی خەباتکار و دێموکراتیک کە ئەویش تەنیا لە لایەن ھەموو ژنان و پیاوان ئیمکانی ھەیە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.