کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامەیەکی سەر ئاوەڵا بۆ هاوسەری وەفادارم

16:39 - 20 بانەمەڕ 2717

سڵاو!

ئەوە یەکەمین نامەیە کە لە دوای ڕۆیشتنت بە سەرئاوەڵایی بۆت دەنووسم، چوونکە هەمیشە نامەکان لە نێوان خۆم و خۆتدا بوون. بەڵام ئێستا دەمهەوێ کە هەمووان بزانن چیت بۆ دەنووسم.

ساڵانێکی زۆرمان لە خۆشی و ناخۆشییەکانی ژیانی سیاسیدا بە سادەیی پێکەوە بەڕێ کرد، هەر لە سەرەتاوە دەمانزانی کە ژیانی سیاسی بەرز و نزمیی زۆری هەیە. دەمهەوێ باسی ئەو یەک ساڵەی کە بە بێ تۆ تێپەڕبووت بۆ بکەم.

نەورۆز بوو، لە سەری ساڵی کوردیدا حیزبی دێموکرات پەیامێکی دا کە تێکۆشانی سیاسی و نیزامی دەست پێدەکاتەوە. چاکم لەبیرە لە تۆم پرسی چۆن دەبێ؟ لە وەڵامدا کوتت؛ ئەوجارە جیاوازە. شوڕای نیزامیمان پێک هێناوە، من بەرپرسی ئاموزش و کۆکردنەوەی زانیاریم، و دەبێ هەموومان یارمەتی یەکتری بدەین تا بەسەر هەموو گرفتەکاندا زاڵ بین و خۆمان سازمان بدەینەوە، بە خۆشییەوە ڕێژەی بەشداریی لاوان و ژنان لە ڕیزەکانی شۆڕشدا لە پەرەسەندندایە. هەروەها دەبێت زیاتر لە خەڵکی یارمەتی وەرگرین لە گەورەوە تا بچووک بە بێ جیاوازی ڕەگەزی.

بیرت لەوە دەکردەوە کە پێشمەرگەکان جلی یەک ڕەنگیان هەبێ، بیرت لەوە دەکردەوە کە پێشمەرگەکان لە هەموو بوارێکەوە ئامادە بن، بیرت لە ژیانی پێشمەرگەکان و ئەو شوێنەی کە لێی دەژین دوور لە مەترسی بێت دەکردەوە و ئەوەی کە چۆن بیانپارێزی لە هەر مەترسییەک. لە هەمان کاتدا بیرت لە هەموو ئەو کارانەی کە پێت ڕادەسپاردرا بە ئەنجامیان بگەیەنی دەکردەوە. تەنها هەواڵی منداڵەکانت لە من دەپرسی، چوونکە کاتی زۆرت نەبوو لەگەڵ منداڵەکان قسە بکەی.

سەری ساڵی لەدایکبوونت بوو، شەوەکەی منداڵەکان زەنگیان بۆ لێدای تا ساڵی لە دایک بوونت پیرۆزبایی پێ بڵێن. زۆر دڵ خۆش بووی کە منداڵەکان ڕۆژی لەدایکبوونتیان لە یاد بووە.

دەمهەوێ ئەوەشت پێ بڵێم بە خۆشییەوە جلی کوردی پێشمەرگایەتی بۆ پێشمەرگەکان دروست کراوە و ئاڕمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لەسەرە. ئەوە جاری دووەمە جلی پێشمەرگایەتی دروست دەکرێت. لە یادتە لە ٢٦ی سەرماوەز بۆ یەکەمین جار لە فێرگەی سیاسی نیزامی جل بەسەر پێشمەرگەکاندا دابەش کرا؟ ئێستاش ئەو جلانە لەبەر دەکرێ و زۆر کەس بە یادگاری هەڵی گرتووە. دەمهەوێ ئەوەشت بۆ باس بکەم کە پێشمەرگەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زۆرتر ئامادە دەبن کە بچنە خاکی پیرۆزی کوردستان، ئەو جێگایەی کە لێی لەدایک بوون.

پێشمەرگەکانی هێزی سمکۆ چوون تا بڵێن فەرماندەی هێزی سمکۆ بە سەفەر چووە و ئەوان هاتوون تا نەسیمی ئازادی بگەیەنن بۆ شار و دێهاتەکان. تا بڵێن ئێمە هاتووین گەنم و دار بچێنین، ئێمە هاتووین بە دایک و باوکەکان بڵێین کە منداڵەکانتان پەروەردە بکەن بۆ سەد ساڵی داهاتوو بە پەروەردەیەکی کوردانە، بەداخەوە شەمشەمەکوێرەکان و حکومەتی دیکتاتۆر دەرفەتی نەدان و خوێنی پاکی ڕشتن. بەڵام حکومەتە دیکتاتۆرەکان بیر لەوە ناکەنەوە کە لە هەر گوڵێک سەدان گوڵی دیکە دەڕوێتەوە. باوەڕی من و تۆش هەر وایە کە لە هەر گوڵێک سەدان گوڵ دەڕوێتەوە.

چەکۆ، من شانازی بەو ژنە شۆڕشگێرانە دەکەم کە وەفادارن بە ڕێبازی هاوسەرەکانیان، بەڕاستی جێگای شانازین. وەفاداریی ژن و منداڵەکانیان ورە دەبەخشێ بە خەڵک و پێشمەرگە.

دوژمن بەزاڵە هاتبوو، تەنانەت ڕوحمی بە شاخ و کێویش نەدەکرد تۆپبارانی دەکردن. هەر لە دوای ئەوەدا بوو، تیمێک لە پێشمەرگە خۆڕاگرەکانمان لە کۆساڵان بوون تا هەواڵی ڕاسان بە گوێی خەڵکی بەشەڕەفی کوردستان بگەیەنن و بڵێن ئێمە و ئێوە و هەموو لایەک دەبێ شۆڕشەکە بەرەو پێش بەرین و ئێوە دەبێ یارمەتیمان بدەن تا ئەرکەکانمان بە باشی بەڕێوە بەرین. بەڵام بەداخەوە لەگەڵ حکومەتێک بەرەو ڕووین کە باوەڕی بە مافی مرۆڤ نییە، بیر تەنها لە کوشتن دەکاتەوە و لەبەر ئەوە ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی شەهید کرد. بێخەبەر لەوەی کە شاخەوان شەهید دەبێ و کۆساڵان لەدایک دەبێ. بەڵام بێخەبەر لەوەی کە بنەماڵەی ئەو شەهیدانە بە شانازییەوە باس لە سەرکەوتنەکانی ئەو شەهیدانە دەکەن، بە بێ ئەوەی هیچ داوایەکیان هەبێ هیوای سەرکەوتن بۆ ڕزگاریی گەلەکەیان دەخوازن. رۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە نێوخۆی وڵات وەکوو هەڵۆ بە سەر چیاکاندا زاڵن.

چەکۆ، دەزانم بیری تۆ بیری نەتەوەیی بوو. هەر لەبەر ئەوەش بوو مامۆستا ڕەسوڵ مامۆستای فێرگە یەکێک لەو کەسانەی کە بەڕاستی جێگای خۆی کردبۆوە لە نێو شۆڕشدا، باوەڕی وابوو کە تێکۆشان دەبێ بۆ کوردستان بێ و هەر لەو ڕێگایەشدا گیانی خۆی بەخت کرد. کوڕێکی شیرین و هاوسەرێکی بە وەفای لە دوای خۆی بەجێ هێشت.

هەموو ئەو بۆچوونانەی کە لەسەر کۆماری ئیسلامی هەتبوو، یەک بە دوای یەکدا دێنە دی. لە ئێستاشدا کۆماری ئیسلامی خەریکی بەڕێوەبردنی شانۆگەرییەکی دیکەیە کە هەڵبژاردنێکی دیکە بکات و میللەت لەو حاڵەتەدا بهێڵێتەوە بۆ چوار ساڵی دیکە. باوەڕی تۆ وابوو کە پایەکانی حکومەت لەرزۆک بوونە، هەر بۆیەش ئەوە ئۆپۆزسیۆنێکی یەکگرتووی پێویستە.

ئەوە بەرەو کۆنگرە دەچین، جێگای تۆ لە لای من زۆر خاڵییە و هەروەها دڵنیاشم کە لە لای هاوڕێیان و هاوسەنگەرەکانیشت بە هەمان شێوەیە و هەر ئەوە وا دەکا کە لە بەرامبەر دوژمندا خۆڕاگرتر بین. بەڵام هیوا دەخوازم کۆنگرەیەک بێت کە تێیدا ئاواتی شەهیدانی ٧٠ ساڵەمان لە پێشەواوە بگرە تا دوایین شەهیدمان لەبەر چاو بگیڕێت. لەوەی کە هەتا یەکگرتووتر و ئەرکدارتر و مونسەجیمتر و وەزیفە شناستر و یەک دەنگتر بین دوژمن زۆرتر ترسی لێمان دەنیشێ. دۆست و دوژمن چاوەڕێی ئاکامی کۆنگرەن، بە هیوای ئەوەی کە بە ئەنجامەکەی دۆستان شاد بکەین و دوژمنان نائومید.

چەکۆ، ئەتۆ ئەمنت وا فێرکرد کە هەمیشە باوەڕم بەخۆم بێت و لەسەر پێی خۆم ڕاوەستم چوونکە باوەڕت بە بەرابەریی ژن و پیاو هەبوو. بە قسە نەبوو بە کردار بوو. هەرچەندە ئەوەندە باوەڕت لە مندا پێکهێنابوو کە بتوانم بە سەر هەموو سەختییەکانی ژیاندا زاڵ بم، بەڵام غەمی لە دەستدانی تۆ زۆر لەوە گەورەتر بوو کە بتوانم باوەڕی پێ بهێنم، چوونکە تۆ هەمیشە لە لای من زیندووی و هەر قسەیەکت بۆ من وەکوو ئامۆژگارییەکی شیرین ڕۆژانە لە گوێمدا دەزرینگێتەوە. نیگەران مەبە چوونکە فێرت کردین کە دەبێ بژین و ژیان بەرەو باشی بەرین.

لە کۆتاییدا، پێم خۆشە بڵێم ئەو کەسانەی کە ژیانی خۆیان تەرخان دەکەن بۆ گەل و نیشتمانەکەیان، ئینسانی زۆر زۆر گەورەن. بەش بە حاڵی خۆم سەریان بۆ دادەنوێنم و هیوادارم بەشێکی بچووک بم لە ڕێگاکەتان. بە هیوای دیداری ئەبەدیەت.

هاوسەر و هاوڕێی هەمیشەییت،

هێرۆ