کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نانی فانتزیش گران دەبێت

11:06 - 5 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: بەهۆی گرانتر بوونی ماددەی خاوی درووست‌کردنی نانی فانتزی بە ڕێژەی ١٥٠%، نرخی ئەم نانەش بە بڕیاری یەکیەتی نانە فانتێزییەکان گرانتر دەبێ.

محەممەد جەواد کەرەمی سەرۆکی یەکیەتی نانە فانتێزییەکان ڕایگەیاندووە نرخی ماددەی خاو و سەرەتایی بۆ سازکردنی نان لە ٦٠ تا ١٥٠% زیادی کردووە و هەر بەم هۆکارەش بڕیار دراوە کە نرخی نانی فانتێزی زیاد بکرێت.

بەوتەی ناوبراو نرخی ماددە سەرەتاییەکان، ڕۆن، شەکر، مووچەی کرێکار و باقی پێداویستییەکان بۆ سازکردنی نانی فانتێزی زیادیان کردووە؛ بۆ وێنە ماددەی باشترکەرەوە (بهبوددهندە) کە پێشتر بە ٧٠ هەزار تمەن بوو ئێستە بە ٤٧٠ هەزار تمەنە، یان نرخی شەکر کە پێشتر کیلۆی بە ٢٧٠٠ تمەن بوو ئێستە بە زیاتر لە ٣٢٠٠ تمەن دەس دەکەوێت، هەروەها ڕۆن لە ٦٠ هەزار تمەنەوە هەڵکشاوە بۆ ١٢٠ هەزار تمەن.

ماوەیەک پێش ئێستاش هەواڵدەرییەکانی رێژیم ئاشکرایان کرد، بەشێوەی نێونجی نرخی نان ٢٧% زیادی کردووە بەچەشنێک کە نرخی نانی لەواش لە پارێزگای سنەدا دەبێتە ٢٠٠ تمەن، نرخی سەنگەک ٧٠٠ تمەن و نرخی بەڕبەڕی بۆ ٦٥٠ تمەن هەڵدەکشێ.

هەروەها چەند ڕۆژ پێش سەرۆکی یەکیەتیی نانی سەنگەک ڕایگەیاند کە داوامان کردووە نرخی نانەکەمان زیاد بکرێت و پێشنیاریشمان کردووە کە نان بەشێوەی کیلۆیی بفرۆشرێت.

ئەم هەواڵە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە پێشتر لێپرسراوانی رێژیم و یەک لەوان حەسەن ڕوحانی بەردەوام وادەی ئەوەیان دەدا کە ناهێڵن نرخی شتومەک و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان گران ببێت.

ئەم گرانییە ڕۆژانە، بە تەواوی مانا خەڵکی کەم داهات و هەژاری کۆمەڵگەی خستووەتە ژێر کاریگەری خۆی و ڕۆژانە فیلم و وێنەی ئەو چینە لێقەوماوە بڵاو دەبێتەوە کە بۆ دابینکردنی ژەمە خواردنێکی ئاسایی و بە ناچاری ڕوو لە سەتڵی زبڵەکان دەکەن.