کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران: بە هەڵوێستێکی شیاو و یەکگرتووانە بەرەوڕووی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی دەبینەوە!

12:23 - 18 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ناوندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە دووتوێی ڕاگەیەندراوێکدا ڕوو لە خەڵکی کوردستان داوا لە گەلی کورد دەکات کە مان بگرن.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

بەیاننامەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

بە هەڵوێستێکی شیاو و یەکگرتووانە بەرەوڕووی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی دەبینەوە!

ڕۆژی ١٧ی خەرمانی ئەمساڵ(٨ی سیپتامبری ٢٠١٨) ڕێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی لاپەڕەیەکی ڕەشی دیکەی خستە سەر مێژووی پڕ لە تاوان و دڕندەیی خۆی بەرامبەر گەلی کورد. ڕاست لە بەرەبەیانی ئەو شەوە‌دا کە جەللادەکانی ئەو ڕێژیمە،٣ بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی زانیار و لوقمان مورادی و رامین حسێن پەناهییان لە دار دا، سوپای پاسداران بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە نزیک شاری کۆیە دایە بەر هێرشی مووشەکی. لە ئاکامی هێرشی مووشەکیی سوپای پاسداران، ١٣ کەس لە ئەندامانی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و دوو کەس لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شەهید بوون. نزیکەی ٤٠ کەس لە تێکۆشەران و بنەماڵەکانی کوردی ڕۆژهەڵات بە هۆی ئەو هێرشە مووشەکییەوە، بریندار بوون کە بە داخەوە بارودۆخی ژمارەیەکیان ناجێگیرە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران تاوانی دڕندانەی ئێعدامی ٣ لاوی ئازادیخوازی کورد، شەهیدان رامین حسێن پەناهی، زانیار و لوقمان مورادی، هەروەها هێرشی مووشەکی و کۆمەڵکوژانەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حدک بە توندی مەحکووم دەکا. ئێمە وێڕای هاوخەمیی قووڵمان لە گەڵ بنەماڵە و هاوسەنگەرانی شەهیدەکان، چاکبوونەوەی هەرچی زووتری بریندارەکانی ئەو هێرشە دڕندانەیە بە ئاوات دەخوازین.

تیرۆر، دەستدرێژی و تاوانخوڵقێنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە گەلی کورد و ڕۆڵە ئازادیخوازەکانی نەتەوەکەمان، بەردەوام و لە زیادبووندا دەبێ و ناوەندی هاوكاریی بە ئەركی خۆی زانیوە پێش روودانی ئەم كارەساتانە لە رێكەوتی 27 جوولای بە نووسینی نامەیەكی سەرئاوەڵا هەموو لایەنە پێوەندیدارەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ ئاگادار بكاتەوە.

 ئەگەر خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێزە سیاسییەکانیان بە هەڵوێستێکی شیاو وەڵامێکی ددانشکێن بەرەوڕووی ئەو ڕێژیمە نەبنەوە.

ئێمە لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە سەرنجدان بەو راستییە، داوا لە خەڵکی خۆڕاگر و بە هەڵوێستی کوردستان دەکەین ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، ١٩ی خەرمانان بە مانگرتنی گشتی، بێزاریی خۆیان لە نوێترین تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رابگەیەنن. جارێکی دیکە بە نەهاتنەدەر لە ماڵەکانتان، چۆڵکردنی شەقامەکان و داخستنی دوکان و بازاڕ، نمایشێکی پڕ شکۆ لە بێزاربوون و "نا" گوتنی خۆتان بەو ڕێژیمە خوێنڕێژ و دژە کوردە، نیشان بدەنەوە. لە هەموو چالاکێکی ئازادیخوازی کورد لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش، داوا و چاوەڕوانیمان ئەوەیە بە هەموو توانای خۆیانەوە پشتی ئەم بانگەوازە بگرن و هەوڵی سەرخستنی بدەن.

ڕسوایی و نەمان بۆ ڕێژیمی تیرۆر و سەرکوت و تاوان، کۆماری ئیسلامیی ئێران

سەرکەوێ ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی گەلی کورد

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

پێکهاتوو لە:

- کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

- کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

- سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

- حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

- حیزبی دێموکراتی کوردستان

١٨ی خەرمانانی ١٣٩٧

٩ی سێپتامبری ٢٠١٨