کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناونووسین لە قوتابخانەکانی ئێراندا بە پارە دەکرێت

13:59 - 27 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری شیراز، لە بەرەبەری ساڵی نوێی خوێندندا، بۆ ناونووسینی قوتابییان داوای بڕە پارەیەکی ٨٠٠ هەزار تمەنی لێکردوون.

هاووڵاتییەکی شیرازی بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی باس لەوە دەکات کە لە قوتابخانەیەکی دواناوەندیدا بۆ ناونووسینی منداڵەکەی داوای بڕە پارەی ٨٠٠ هەزار تمەنییان لێکردووە.

لەم گرتە ڤیدیۆییەدا کە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان تۆمار کراوە، یەکێکی دیکە لە هاووڵاتییان ڕایدەگەینێت کە بەرپرسی قوتابخانەکە بۆ ناونووسینی کوڕەکەی منیش

داوای ئەو بڕە پارەیەی کردووە و وتوویەتی ئەگەر پارەت نییە منداڵەکەت لێرە ببە.

ئەم دوو هاووڵاتییە لە درێژەدا باسیان لەوە کردووە کە نەبوونی پارە بە مانای وازهێنانی منداڵەکانیان لە خوێندنە کە دواتر خەسارگەلێکی قەرەبوونەکراویش وەکوو خووگری بە ماددە هۆشبەرەکان، دزیکردن و کارگەلی نەشیاو بەدوای خۆیدا دێنێت.

ماوەی ساڵانێکە کە لە لایەن بەرپرسانی قوتابخانەکانەوە لە سەرەتای ساڵی خوێندندا پارە لە قوتابییان وەردەگیردرێت کە ئەمە وازهێنان لە خوێندنی زۆربەی قوتابییانی بەدواوە بووە.