کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوه‌ندی هاوكاریی حیزبه‌كانی كوردستانی ئێران بۆ پرسی کورد لە بریتانیا دیدارێکیان پێک هێنا

12:56 - 7 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: نوێنه‌رانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، له گه‌ڵ وته‌بێژی گرووپی ئه‌ندامانی پارلەمانی بریتانیا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان دیدارێکیان پێک هێنا.

ڕۆژی سێشەممە، ٦ی خاکەلێوە، ناوه‌ندی هاوكاریی حیزبه‌كانی كوردستانی ئێران، له‌ وڵاتی بریتانیا، لەگەڵ ''لۆید ڕاسل مویلی''، ئەندامی پارلەمانی بریتانیا و وتەبێژی ئەندامانی پارلەمان بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیدارێکی پێک هێنا.

ئەم چالاکییە لە درێژەی هاوکاری و هەنگاوی ئەم ناوەندە لە بریتانیا بە مەبەستی زەقکردنەوەی دەنگوڕەنگی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو.

لەم دیدارەدا، ناساندنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، دوایین ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆبونەوەکەی هانۆفەر بۆ دامەزرانی هاوپێوه‌ندی بۆ ئازادی و یه‌كسانی له ئێراندا، لە نێوان ١٠ حیزب و لایەنی سیاسیی ئێرانی و کورد، باسیان لێوە کرا .

لەم دانیشتنەدا هەروەها بەرنامەکانی نەورۆز لە نێوخۆی ئێران و بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران باسیان لێوەکرا.

لە کۆتاییدا، باس لە هاوکاریی زیاتر و گرتنی دوو کۆبوونەوە لە داهاتووی نزیكدا، لە پارلەمانی بریتانیا لەسەر بارودۆخی ڕۆژهەلاتی کوردستان کرا.