کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوچە لافاولێدراوەکانی ئیلام بە دەست کێشەکانیانەوە دەناڵێنن

13:53 - 8 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: نزیک بە ٦ مانگ لە لافاوی پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات تێپەڕ دەبێت، بەڵام کێشەکان بەردەوامن.

سەرەڕای ئەوەیکە پاسداری تێرۆریست "حوسێن سەلامی" لە دوای دەستنیشانکردنی وەک فەرماندەی ڕێکخراوی سپای ڕێژیم باس لەوە دەکات کە ئێمە هەژاری لە ئێراندا لە ڕەگەوە دەردێنین، بەڵام ئەوەش بوو بە دروشم.

"سەلامی" سەردانی پارێزگاکانی ئێران دەکات و لەگەڵ خۆی پرۆژەی ئاوەدانکردنەوە بۆ خەڵک دێنێت، بەڵام لە ئێستاوە ڕوونە ئەو پرۆژانە تەنیا دروشمن.

"جەماڵ شاکەرەمی"، فەرماندەی سپای ئیلام ڕایگەیاندووە کە ڕەوتی ئاوەدانکردنەوەی ئیلام لە دوای لافاودا زۆر بە لاوازی بەرەوپێش دەچێت.

"سەلامی" باسی لەوە کردبوو کە قەرەبووی زیانی لافاولێدراوان دەکەینەوە، لە کاتێکدا "شاکەرەمی" باسی لەوە کردووە کە عەداڵەت لە نێوان خەڵکی لافاولێدراودا لەبەرچاو ناگیرێت.

لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسانی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، بەردەوام باسیان لەوە کردووە کە هەژاری لە ئێراندا لە ڕەگەوە دەردێنن.

لە دوای هاتنی لافاو لە وەرزی بەهاری ئەمساڵدا، خەڵکی پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەروەها چەندین پارێزگای دیکە لە ئێراندا، تووشی زیانێکی ماددیی زۆر بوون.

ڕێژیمی ئێران بە جێگای یارمەتی گەیاندن بە خەڵک و قەرەبووکردنەوەی خەسارەکان، تەنیا بینەری ڕووداوەکان بوون.