کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوچەی ئارام لە سووریه تاوتوێ کرا

12:46 - 29 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: لە سێمینارێکدا بە بەشداریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دۆخی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژئاوا و ناوچەی ئارام قسەی لەسەر کرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢٧ی خەرمانانی ١٣٩٨ی هەتاوی، لەسەر بانگهێشتنی فەرمیی نوێنەرایەتیی پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کوردستانی سووریە لە ئۆتریش، هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئۆتریش بەشدارییان لە سێمیناری خاتوون "ئسەلێ"، سکرتێری پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کوردستانی سووریەدا کرد.

لەو سێمینارەدا خاتوو "ئسەلێ" بەنیسبەت ڕۆژئاوای کوردستان بەگشتی، ڕێکخراوەکانی نێو گۆڕەپانی سیاسی و چەکداری لە کوردستانی ڕۆژئاوا، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سووریە، کەند و کۆسپەکانی سەر ڕێگای کاری سیاسی لە کوردستانی ڕۆژئاوا، پێکهاتنی ناوچەی ئارام لە لایەن ئامریکا و تورکیەوە وهەروەها دواڕۆژی کوردستانی ڕۆژئاوا، باسێکی پێشکەش کرد.

پاش باسی ناوبراو، بەشداربووانی سێمینارەکە نەزەراتی خۆیان لەسەر باسەکەی خاتوو "ئسەلێ" دەربڕی و چەند پرسیارێکیان ئاراستەی ناوبراو کرد.

 لەو سێمینارەدا، "حوسێن خاڵخاڵ" و "فەرزین"، بەشداری سێمینارەکە بوون و لە بەشێکی ئەو سێمینارەدا "خاڵخاڵ" به وردی لەسەر بارودۆخی کوردستانی ڕۆژهەڵات و "ڕاسانـ"ـی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و تێکۆشانی هێزی پێشمەرگە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، باسێکی پێشکەش کرد.

ناوبراو لەو پێوەندییەدا، بۆچوونەکانی حیزبی دێموکراتی بەنیسبەت حیزبەکان و ڕووداوەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا بۆ بەشداران ڕوون کردەوە.