کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات: ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی بەسەرچووە

19:19 - 17 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: لە بەرەبەری ٤٠ ساڵەی بەتاڵان بردنی دەسکەوتەکانی شۆڕشی گەلانی ئێراندا، ناوەندی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بلاو کردەوە و تێیدا باسی لەوە کرد کە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی بەسەرچووە، یان دەبێ بڕوا و ببێتە مێژوو یان دەبێ ئاڵوگۆڕێکی وەها قووڵ و بنەڕەتی لە خۆیدا پێکبێنێ کە نەناسرێتەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

کۆماری ئیسلامی لە چل ساڵەی دەسەڵاتداریی خۆی دا

ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ شۆڕشی گەلانی ئێران سەرکەوت و کۆتایی بە سیستمی پاشایەتی و دیکتاتوریی پێنج دەیەی بنەماڵەی پەهلەوی لە ئێراندا هێنا.

محەممەدڕەزاشای لەخۆبایی بەهۆی بەرتەسکردنەوە و سەرکوتی ئازادیی سیاسی و زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدامی ئازادیخوازانی ئێرانی، پەرەسەندنی گەندەڵی و بە ڕەچاوکردنی سیاسەتی ناسیۆنالیستی مەزنخوازی و هەڵاواردن بەتایبەتی بەرامبەر بە گەلانی ستەملێکراوی ئێران، بەستێنی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران بەدژی دەسەڵاتە سەرەڕۆکەی خۆش کردبوو.

شا زۆری پێچوو هەتا "دەنگی شۆڕشی خەڵکی بیست" و لە کاتی خۆیدا وڵامی گونجاوی بە داخوازەکانی خەڵک نەدایەوە و چەند جاریش کابینەی دەوڵەتی گۆڕی، بەڵام ئیدی درەنگ ببوو و شۆڕش پێشی پێنەدەگیرا.

تەنانەت کۆمەڵێک دەسکەوت و پێشکەوتن لە هێندێک بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی و بەرزبوونەوەی ڕێژەیی ئاستی ژیانی خەڵکیش، نەیانتوانی پێش بە ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی بگرن.

هۆکارە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی سەرهەڵدان و بە ئاکام گەیشتنی شوڕشی ٥٧ بەدژی دەسەڵاتی محەممەدڕەزاشا لەباری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە زۆر و جۆراوجۆرن، بەڵام دەکرێ وەک سەرەکی و یەکلاکەرەوەترینیان ئاماژە بە حاکمییەتی دیکتاتۆری و داخرانی کەشی سیاسی، سەرکوت و پێشێلکردنی ماف و ئازادیی گەلانی ژێرستەم، گەندەڵی لە ساختاری نیزامەکە و ئازادنەبوونی ئەحزابی سیاسی بکەین کە بەیەکەوە ببوون بە کۆسپی دابینبوونی دێموکراسی و بەشداری هاووڵاتیان و گەشەی سیاسی و خەڵکیان لە تەمابڕاویی و بێ دەرەتانیدا هان دا لە ڕزگاریدەرێک بگەڕێن.

هەموو ئەوانە لەگەڵ ئامادەنەبوون و بێ بەرنامەیی ئۆپۆزسیونی نامەزهەبی، خەڵکی وەزاڵەهاتوویان بەرەو بیروباوەڕی مەزهەبیی کۆنەپەرستانەی آیت اللە "روح اللە خمینی" و هاوبیرانی پاڵ پێوەنا.

لە ئاکامی ئەو بارودۆخەدا بوو کە دەرفەت بۆ "آیت اللە خمینی" و لایەنگرانی ڕەخسا کە بە کەڵکوەرگرتنی خراپ لە هەستی ئایینی و ئایینزایی خەڵک بە سەر شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکدا زاڵ بن، شۆڕشەکە بەلاڕێدابەرن، بەرەبەرە بەتەواوی دەست بە سەر دەسکەوتەکانی ڕاپەڕینەکەدا بگرن، ئەو بڕە ئازادییەش کە هەبوو لە خەڵکی زەوت بکەن و ئیستبدادێکی ڕەشی مەزهەبی- ناسیۆنالیستی بەسەر خەڵکانی ئێراندا بسەپێنن.

لە ڕاستیدا، دوای سەرکەوتنی خەڵک، "روحانیون" بە ڕێبەریی خومەینی بە کودتا جیابیران و دژبەرانی خۆیان وەلا نا و مۆری "ئیسلامی"یان بە شۆڕشەکەوە نا و دەسەڵاتی وڵاتیان خستە ژێر پاوانی خۆیانەوە.

"آیت اللە خمینی" ئەو کاتەی لە پاریس بوو، زۆر بەڵێنی دان: قەرار بوو ئازادی لە ئێراندا دابین بکرێ، پێکهاتەکانی کۆمەڵگا بە مافە ڕەواکانیان بگەن، دەسەڵات لە خەڵکەوە سەرچاوە بگرێ و "پێوەر دەنگی خەڵک بێ"، زوڵم و زۆر و هەڵاواردن نەمێنێ، "ئاو و بەرق و ئوتوبووس" بە خۆڕایی بێ، گەندەڵی بنەبڕ بکرێ، پارەی نەوت بێتە سەر سفرەی خەڵک و زۆر شتی لەو بابەتە.

بەڵام کاتێک بە دەسەڵات گەیشت، هەنگاو بە هەنگاو حاکمییەتی "ولایت مطلقە فقیە"ی داسەپاند: بە ناوی ئیسلام هەموو ئازادییە دێموکراتیکەکانی خەڵک پێشێل کران، جیابیران و ئۆپۆزسیۆن سەرکوت کران، ژنان لەژێر دروشمی "یا روسری یا توسری" لە مافە کۆمەڵایەتی و ئینسانییەکانیان بێبەش کران. تێرۆریزمی دەوڵەتی بوو بە شتێکی دانەبڕاو لە سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوەی کۆماری ئیسلامی.

دەسەڵاتبەدەستانی نوێ نەک هەر ئامادە نەبوون سەرەتاییترین ماف بۆ گەلانی بندەست لە ئێراندا بسەلمێنن، بەڵکوو دوای چەند جار وتووێژ لەنێوان کوردستان و حکوومەتدا، خومەینی لە یەکەم دەرفەتدا فەرمانی جیهاد و هێرش بۆ سەر کوردستانی دەرکرد و سەرکوتی سیستماتیک و قەڵاچۆی کورد و میلیتاریزەکردن و وێرانکردنی کوردستان دەستی پێکرد.

لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا کورد بەگشتی و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەتایبەتی، قوربانیی سەرەکی تێروریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی بووە. دەسەڵاتی تازەپێگەیشتوو شەڕێکی خوێناوی و هەمەلایەنەی بەسەر کورددا سەپاند کە هەتا ئێستاش هەر درێژەی هەیە!

شۆڕشی گەلانی ئێران بەدژی دیکتاتۆری و زوڵم و زۆری حکوومەتی سەرکەوت، بەڵام ئامانجەکانی کە بریتی بوون لە وەدیهێنانی ئازادی و دێموکراسی، ڕزگاریی لە چنگ سەرکوت و زۆرداری و هەڵاواردن و نەهێشتنی گەندەڵی و بێعەداڵەتی، نەپێکا و "بەهاری ئازادی" ئێران زۆری نەخایاند.

کولتووری ئیستبدادی بە دەستلێنەدراوی مایەوە و دیکتاتوری و ئیستبدادێکی سیاسی- مەزهەبی چەندهێندە ترسناکتر و داپڵۆسێنەرتری بەرهەم هێنایەوە کە ئەوە چل ساڵە باڵی بەسەر ئێراندا کێشاوە و گەلانی ئێران بە دەستییەوە دەناڵێن.

جێی خۆیەتی هەموولایەک، بەتایبەتی ئەو بەشە لە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی کە خۆی بە دێموکرات دەزانێ، شۆڕشی ئێران و ئاکامەکانی بکا بە ئەزموون و دەرسێکی بەنرخ کە خەبات دژی دیکتاتوری جیاوازە لە خەبات بە دژی ئیستبداد. خەبات دژی دیکتاتوری و ڕووخاندنی دیکتاتور بەشێوەی ئۆتۆماتیک بە مانای خاشەبڕکردنی دیکتاتوری و وەدیهاتنی ئازادی و دێموکراسی نییە. شۆڕشێک دەتوانێ ئازادی و دێموکراسی بۆ خەڵک بە دیاری بێنێ کە خۆی ماهییەتەن دێموکراتیک بێ و دژی ئیستبداد و کولتووری ئیستبدادی خەبات بکا.

ئەوڕۆ لەکاتێکدا یادی چلەمین ساڵی سەرکەوتنی شۆڕشی ٥٧ دەکەینەوە کە کۆماری ئیسلامی لە هەموو بوارێکدا، لە سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوەیدا، بەرەوڕووی گەورەترین و پڕمەترسیترین قەیرانی مێژووی خۆی بۆتەوە.

کۆماری ئیسلامی ڕەوایی خۆی لە دەست داوە و تووشی قەیرانی حاکمییەت هاتووە: درزی نێوان خەڵک و حکوومەت بەردەوام قووڵتر دەبێتەوە، ئیدئۆلۆژی و ئۆتۆریتەی مەعنەویی حکوومەت ئیدی توانای قانعکردن و جووڵاندنی کۆمەڵگای نەماوە و بۆ هێمنکردنەوە یان وڵامدانەوە بە داخوازەکانی خەڵک ڕێگاچارە تەنیا لە توندوتیژی و سەرکوتی زیاتردا دەبینێ.

لە ئاکامی بێ‌بەرنامەیی و بێ‌توانایی لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان، دووبەرەکی نێوخۆی حاکمییەت ڕۆژبەڕۆژ زەقتر و ئاشکراتر خۆی دەنوێنێ.

قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەردەوام گەورەتر دەبێتەوە و ئەبعادی ترسناکتر بەخۆیەوە دەگرێ: دابەزینی بێ‌وێنەی نرخی دراوی وڵات، گرانی ڕۆژبەڕۆژ، گەندەڵی و دزیی کاربەدەستانی حکوومەتی، بێکاری و هەژاری بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر پەرەیان ئەستاندووە و ژیانیان بە خەڵکی ئێران تاڵ کردووە.

سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا و دەرچوونی کۆمپانیا و سەرمایەگوزارانی بیانی لە ئێران، ئابووریی شپرزەی وڵاتیان گەیاندۆتە لێواری داڕمانی یەکجاری. ڕێبەرانی ڕێژیم هەرکەسە لە بیری تاڵانی وڵات و بردنە دەرەوەی سامانی خۆیدایە. سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئابووریی مەجلیس سەرەتای مانگی خاکەلێوە درکاندی کە تەنیا لە سێ مانگی دوایی ساڵی ١٣٩٦دا ٣٠ میلیارد دۆلار ئەرز گوازراوەتەوە بۆ دەرەوەی وڵات. ڕوون نییە ئەو پارە زۆرە کێ دزیویەتی و چۆن ڕاگوێزراوە؟!

بەپێی ڕاپۆرتی "ڕێکخراوی شەفافیەتی نێونەتەوەیی" Transparency International سەبارەت بە گەندەڵی، ئێران لەباری شەفافییەتەوە لە بەینی ١٨٠ وڵاتدا کەوتۆتە پلەی ١٣٨، واتە گەندەڵی لە ئێران بەنیسبەت ساڵی پێشوو پەرەی زیاتری سەندووە و ئاستی شەفافییەت لە کاری حکوومەتیدا هەشت پلەی دیکە دابەزیوە (لە ١٣٠وە بۆ ١٣٨)!

گرانی و بێکاری و هەژاریی لەلایەک و داماویی ڕێژیم لە دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی خەڵک لە لایەکی دیکەوە، کۆمەڵگای ئێرانی تووشی قەیرانی کەموێنەی کۆمەڵایەتی کردووە.

کۆماری ئیسلامی لە سیاسەتی دەرەوەشیدا تووشی شکست و قەیران هاتووە. بەردەوامبوون لە تێرور و پشتیوانی لە تێروریزمی جیهانی، پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ، سووربوون لەسەر کارکردن بۆ بەرهەمهێنانی چەکە کۆمەڵکوژەکان، پێداگریی لەسەر درێژەدان بە بەرنامەی مووشەکی بالستیکی، درێژەدان بە سیاسەتی دەستێوەردان و ئاژاوەنانەوە بە مەبەستی ناسەقامگیرکردنی وڵاتانی ناوچە، کۆماری ئیسلامییان کردووە بە هەڕەشەیەکی واقعی و پڕمەترسی بۆ ئەمنییەتی جیهانی.

دەبینین کە بە هەموو پێوەرە سەلماوەکان، کۆماری ئیسلامی لە باری سیاسی، ئیدئۆلۆژی، ئابووری و ئەخلاقییەوە ڕێژیمێکی وەرشکستەیە و لە ئاستی نێونەتەوەییدا هەر دێ و زیاتر تەریک دەکەوێتەوە.

ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی بەسەرچووە، یان دەبێ بڕوا و ببێتە مێژوو یان دەبێ ئاڵوگۆڕێکی وەها قووڵ و بنەڕەتی لە خۆیدا پێکبێنێ کە نەناسرێتەوە، بەڵام ڕێژیم لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا سەلماندوویە کە ڕێفۆڕمهەڵگر نییە و توانا و زەرفییەتی پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە خۆیدا نییە. کۆماری ئیسلامی لە هەڵەکانی شا دەرسی وەرنەگرت و ئیدی درزی نێوان خەڵک و حاکمییەتی پێ پڕ نابێتەوە.

بەو هیوایە کە چارەنووسی شۆڕشی ٥٧ ببێتە ئەزموون بۆ ئۆپۆزسیونی ناوەندی و هەتا درەنگ نەبووە خۆی لە داوی ناسیونالیزمی بەرچاوتەنگ و سیاسەتی نکۆڵیکردن لە بوونی نەتەوە بندەستەکان لە ئێراندا ڕزگار بکا و بە دڵاوایی سیاسییەوە بۆ دروستکردنی ئاڵترناتیڤێکی دێموکراتیک و دژەئیستبدادی هەوڵ بدا، ئاڵترناتیڤێک کە ڕەنگدانەوەی واقعییەتەکانی فرەنەتەوەبوونی ئێران بێ و نوێنەرانی هەموو نەتەوەکانی نیشتەجێ لە ئێرانی تێیدا بەشدار بن.

حیزبە کوردستانییەکانیش دەبێ بزانن کە تەنیا بەیەکەوە و بە هێزی یەکگرتوویانەوە دەتوانن بە وەزنی خۆیانەوە ببن بە بەشێکی کاریگەر لە وەها ئاڵترناتیڤێکدا و لە دوای کۆماری ئیسلامی، ماف وئازادی بۆ گەلەکەیان دابین و دەستەبەر بکەن.

تەنیا دامەزراندن و ئیستقراری سیستمێکی دێموکراتیک و سێکۆلار و فیدراڵ دەتوانێ مافەکانی پێکهاتە نەتەوەییەکانی ئێران دابین بکا و تەبایی و یەکێتی دڵخوازانەی گەلانی ئێران دەستەبەر بکا و ئێران بەرەو ئازادی و دێموکراسی بەرێ.

بە هیوای یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلانی ئێران بۆ دامەزراندنی نیزامێکی دێموکراتیک و فیدراڵ لە ئێرانی داهاتوودا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی سیاسی