کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی سەرکۆماریی فەڕانسە وەڵامی پەیامی هاودەردیی مستەفا هیجری دایەوە

17:21 - 23 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: سەرۆکی کابینەی سەرکۆماریی فەڕانسه، لە نامەیەکەدا وەڵامی پەیامی هاودەردەیی مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی نیسبەت بە کردەوەت تێرۆریستیی شاری نیس دایەوە.

دەقی نامەکە:

بەڕێز مستەفا هیجری، سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێز جەنابی سکرتێر!


پەیامی هاودەردیی و پشتیوانیتان لە پێوەندی لەگەڵ هێرشی تراژیکی ئەنجام‌دراو لە شاری نیس، لە ڕۆژی جێژنی نەتەوەیی فەڕانسەدا، جێی سەرنجی سەرۆک کۆمار بوو و هەربۆیەش ڕایسپاردم کە لە لایەن بەڕێزیەوە سپاستان بکەم. لە بەرابەر ئەو توندوتیژییە غەدارانەیەدا، پێش هەموو شتێک بیر لە قوربانیانی ئەو جینایەتە، بریتی لە فەڕانسوی و بیانی و هەروەها بنەماڵەکانیان دەکەینەوە و هەموو وڵاتمان تازیەدارە.

جارێکی دیکە یەکگرتوویی نەتەوەیی وڵاتی ئێمە و هەروەها بەها وێناکراوەکانی، کە بریتییە لە بەها باڵاکانی مافی مرۆڤ و ئازادی، کەوتنە بەر هێرش. جارێکی دیکە ئێمە لە دەوری ئەو بەهایانە بەشێوەی بازنەیی کۆ دەبینەوە و هیچ شتێک ئێمە لە شەڕ دژی تێرۆریزم پاشگەز ناکاتەوە.

ئەو خەباتە درێژخایەن دەبێت، بەڵام بە ئەمەگداربوون بە ئارمانجە هاوبەشەکان و یەکگرتوویی، نیسبەب بەو چەق‌بەستوو و فاناتیکانە بەهێزتر دەبین.

فەرانسە جارێکی لە شاری سێنت ئێتین دورورێ (Rouvray- ud- Etienne - Saint ) کەوتە بەر پەلاماری تێرۆریزم، لە وەها هەل‌ومەرجێکدا پەیامی هاودەردیی و پشتیوانیی ئێوە، و کەسانی دیکەش کە بەدەستمان گەییشتوون، هەم پشتیوانیی و یارمەتییەکی پڕ بەهایە و هەم دەبێتە هۆی بەهێزبوون و بە بڕشت‌بوونی ئێمە.

جەنابی سکرتێری گشتی، داواتان لێدەکەم ڕێز و سپاسی تایبەتی من قبووڵ بفەرموون.

ئیزابێل سیما

سەرۆکی کابینەی سەرکۆماری

پاریس

٢ی ئاگۆستی ٢٠١٦ی زایینی