کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی فێرکاریی \"بەیان\" لە بۆکان خولێکی فێرکاریی زمانی کوردی بەڕێوە برد

15:57 - 10 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: خولێکی فێرکاری ڕێنووسی کوردی لە گوندی کانیڕەشی سەر بە شاری بۆکان کۆتایی پێهات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بە مەبەستی پاراستنی زمانی دایکی که شوناسی نەتەوەییمانە و گرینگترین نیشانەی هەر فەرهەنگێکە که ئێمە لە نەتەوەکانی جیهان جیا دەکاتەوە، خولێکی فێرکاری ڕێنووسی کوردی لە گوندی کانیڕەشی سەر بە شاری بۆکان کۆتایی پێهات.

مامۆستایانی ئەو خولە فێرکارییە باسیان لەوە کردووە، یەکێک لە شێوازەکانی پاراستنی زمان ئەوەیە کە ببێتە زمانی نووسین و خوێندنەوە کە ئەوەش دەبێتە هۆی گەشە و مانەوەی ئەو زمانە؛ بۆیە ناوەندیی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیان بۆ پەرەپێدانی زیاتری زمان و وێژەی کوردی لە گوندی کانی‌ڕەش، خولێکی فێرکاری ڕێنووسی کوردی بەڕێوە برد.

لەو خولەدا ١٢ کەس لە لاوانی کانیڕەش فێری خوێندنەوە و نووسینی زمانی زگماکی خۆیان بوون، هەروەها کتێبێکی کوردی وەکوو خەڵات لە لایەن ناسر ناسری مامۆستای زمانی کوردی پێشکەش بە خاتوونی ژیر سۆما خزری موقەددەم تەمەن سێزدە ساڵ کرا کە وەکوو باشترین و چالاکترین خوێندکار هەڵبژێردرابوو.