کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی "نێرگز" پێشانگایەکی وێنەی بۆ منداڵان کردەوە

12:43 - 20 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ناوەندی نێرگز بۆ پەروەردە و فێرکردنی منداڵان، لە درێژەی کار و چالاکییەکانیدا پێشانگایەکی وێنەی بۆ منداڵانی کەمپی ئازادی کردەوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە، ١٩ی گەلاوێژی ١٣٩٨ هەتاوی، ناوەندی "نێرگز" لە ڕاستای برەودان بە بەهرە و تواناییەکانی منداڵانی نێو شۆڕش، پێشانگایەکی وێنەکێشانی بەڕێوەبرد.

 لە سەرەتادا پێشانگاکە لە لایەن دوکتور "میرۆ عەلیار"، ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و "زەمەند بەهاری"، بەرپرسی ناوەندی نێرگزەوە کرایەوە کە تێیدا منداڵانی گرووپە تەمەنە جیاوازەکان بەشداربوون و بە وێنەکانیان تواناییەکانی خۆیان دەرخست.

لەمبارەوە. "زەمەند بەهاری"، بەرپرسی ناوەندی نێرگز، سەرەڕای ئاماژەدان بەوەی کە ئەم پیشانگایە تایبەتە بە هەموو تەمەنەکان و بۆ تەمەنێکی دیاریکراو نییە، سەبارەت بە کردنەوەی ئەم پێشانگایە وتی:" ئامانجی ئێمە لە کردنەوەی پێشانگایەکی لەم چەشنە گرینگیدانە بە بەهرە و تواناییەکانی منداڵانی نێو شۆڕشە تا لەم ڕێگەیەوە ببینە هاندەرێک بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی تواناییەکانیان و بەردەوامبوونیان لە بارودۆخی ئێستادا کاریگەرییەکی زۆر ئەرێنیی لەسەر منداڵاندا هەیە".

هەروەها یەکێک لەو کەسانەی کە سەردانی ئەم پێشانگایەی کردووە سەبارەت بەم کار و چالاکییانە وتی: "منداڵان خاوەن توانا و ئیستعدادی زۆرن کە دەبێت لە شوێنێک خۆیان ببیننەوە کە دەتوانن لە ڕێگەی ئەم ڕێکخراوانەوە خۆیان دەربخەن و ناوەندی نێرگزیش لەم بوارەدا چالاکیی زۆر باشی بووە".

ناوەندی نێرگز ڕێکخراوێکی تایبەت بە منداڵانە کە بە هەموو شێوازێک هەوڵی داوە تا منداڵانی نێو شۆڕش لە بوارە جیاوازەکاندا و لە ڕاستای تواناییەکانیاندا خۆیان ببیننەوە و لەم دواییانەدا بە کردنەوەی خولە هاوینیەکان بۆ منداڵان، لەوانە: "خولی فێرکردنی زمانی کوردی و زمانی ئینگلیزی و زمانی فارسی، خولی پەروەردەیی و خولی زانیاریی گشتی"، کار و چالاکیی هەبووە.