کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ناوەندی هاوکاری هێمای دێموکراسی"

15:02 - 10 خاکەلێوه 2719

داڵاهۆ

درووستبوونی ناوەندی هاوکاری ئەحزابی ڕۆژهەڵات چەندە بە هۆی زەختە دەرەکییەکانی وەک گوشاری کۆماری ئیسلامی و داواکاری چالاکانی سیاسی و مەدەنییەوە بوو، ئەوەندەش دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕۆک و ڕۆحیەی دێموکراتیک بوونی ئەحزابی ڕۆژهەڵات. جیابوونەوە و لێکدابڕان لە نێو هەموو پێکهاتەیەکدا هەر لە بنەماڵەوە بگرە تا دابەشبوونی وڵاتێک دیاردە و مافێکی ڕەوا و سروشتییە. ئەگەر جیابوونەوەکان لە سەر کێشەی ئایدۆلۆژیا و ستراتیژی کارکردن بێ ئەوە جیاوازە لەگەڵ ئەوەیکە شەڕی کورسی و دەسەڵات بێ. ئەگەر جیابوونەوەکان جیا لە بەرژەوەندی حیزبی بەرژەوەندی گەل و نیشتمانی بەدواوە بێ، ئەوە ئەرێنییە، بەڵام ئەگەر بەرژەوەندی تاکەکەسی و حیزبی زۆر بێ و گەل و جەماوەر ناڕازی بن ئەوە ناچێتە خانەی دێموکراتیک بوونەوە.

دابەشکاری ئەحزابی ڕۆژهەڵات بێجگە لە هۆکارە ناوخۆیی و فیکرییەکان دەستی چەپەڵی هەندێک لایەن و کەسی تێدا بوو کە لە داهاتوودا بێگومان بە بەڵگەوە بۆ خەڵک دەرئەکەوێ. لێرەدا بۆ ئەوەی لە تەوەری سەرەکی دوور نەکەوینەوە بە کورتی ئاوڕ لە باری دێموکراتیک بوونی مەسەلەکە دەدەینەوە. هەم ئەحزابی ڕۆژهەڵات و هەم خەڵکەکەی دەتوانین بڵێین کە لەباری تێگەیشتن و دێموکراتیک بوون و هەرەوەزییەوە جیاوازییان لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستان هەیە. توخم(عنصر ) و هەستی دێموکراتیک بوون لە نێو هەموو لایەن و تاکەکاندا بووە هۆی ئەوەیکە لە دەرەتان و هەلی لەباردا گەشە بەو هەستە بدەن و لە دەوری یەک بۆ کاری هاوبەش کۆ ببنەوە. بیر کردنەوەی ورد و قووڵ لە پرسەکە ئەحزابی هان دا کە بە تامەزرۆییەوە پێشوازی بکەن . ڕاستی بابەتەکە ئەوەیە کە ئەگەر گۆڕانکارییەک لە ئێران ڕووبدات و ئەحزاب بگەڕێنەوە کوردستان، پێویستە لە بەڕێوەبردنی وڵات لە قەوارەی پارلەمان و ئۆرگانەکاندا و هەروەها پێکهاتەی هێز یان ئەرتەشی کوردستاندا لە دەوری یەکتر کۆببنەوە. ئەو بیرە دووربینیانە، ئەحزابی وەک زەروورەتی مێژوویی هەر لە ئێستەوە کە لە دوورە وڵاتیدان، لە دەوری یەک کۆ کردەوە. گەشەکردنی ناوەندی هاوکاری چ وەک پێکهاتە و چ وەک چالاکی دەرئەنجامی باشی لێکەوتۆتەوە. دڵخۆش بوونی خەڵک لە ڕاستیدا جووڵەی جەماوەری لێکەوتەوە کە ئەتوانین بەڕێوەچوونی نەورۆزەکان و مانگرتنی سەرانسەری وەک نموونەی ئەو ڕێککەوتن و نشاتە سیاسییە چاو لێبکەین. گەشەدان بە کار و چالاکییەکانی ناوەند لە ڕاستیدا دەتوانێ ئەو لایەن و ڕێکخراوانەی کە هێشتا بەشداری کۆڕی ناوەندیان نەکردووە، هان بدات کە ئەوانیش لەو پرۆژەیەدا بەشدار بن. زۆربوونی زەخت و گوشارەکان لە ڕۆژهەڵات ، بەشی زۆری پێوەندی بە ڕاچڵەکاندنی جەماوەرەوە هەیە ، کە چالاکی ناوەندی هاوکاری کاریگەری ئەرێنی بووە. هەڵوێستی لایەنگرانی پ ک ک کە لە دەروونی ئەو حیزبەوە سەرچاوە دەگرێ بە ڕاستی ترس و تۆقینێکی ناسیاسیانە و ناشیانەیە لە خرۆشانی کورد لە ڕۆژهەڵات، هەر بۆیە لە هەڵویستە ناحەزەکانیاندا پێکهاتەی ناوەندی هاوکاری ئەحزابی ڕۆژهەڵاتیان بە ئەنەکەسەی ڕۆژهەڵات ناوبردوە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.