کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە

09:16 - 28 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە سەر کشانەوەی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لەو ناوەندە، ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە.

دەقی ئاگادارییەکە بەم شێوەی خوارەوەیە:

ئاگادارییەک لە لایەن ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

بۆ بیروڕای گشتی

هاونیشتمانییانی بەڕێز، هۆگرانی تەبایی و یەکگرتوویی

هەروەک ئاگادارن ساڵی ڕابردوو دوای هەوڵ و بەدواداچوونی زۆربەی حیزبەکانی کوردستان و بۆ وڵامدانەوە بە ویست و داخوازیی ئێوەی بەڕێز سەبارەت بە هاوکاری و یەکگرتوویی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران دامەزرا. دواتر و لە ڕەوتی پێکەوە کارکردن پێویست بوو کە ئەم ناوەندە بۆ لێک تێگەییشتن و هاودەنگی زیاتر، هێلە گشتی و پرنسیپەکانی خۆی بە مەبەستی گەییشتن بە ئامانجەکانی ڕوو بە خەڵک و بیروڕای گشتی بخاتە ڕوو. لەو بارەیه‌وە کۆمەڵێک بابەت لە چەند خاڵێکدا لە لایەن نوێنەرانی حیزبەکانی ئەندامی ناوەندەوە لە ژێر ناوی هێڵە گشتییەکان ئامادە کران و دوای باس و گۆڕێنەوەی ڕوانگەکانی لایەنەکانی بەشدار لە ناوەند ئامادەی پەسند کردن بوو، بەڵام لە بەر ئەوەی کە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بە تەنیا لە گەڵ چەند خاڵێکی بنەڕەتیی هێڵە گشتییەکاندا هاودەنگ نەبوو ناوەندی هاوکاری بۆ پاراستنی یەکڕیزیی ناوەند و ڕێزگرتن لە بیروڕای سازمانی خەبات و دانی کاتی زیاتر بەوان چەندین مانگ لە بڵاو کردنەوە و ڕاگەیاندنی ئامانج و پره‌نسیپەکانی ناوەند خۆیان پاراست. بەڵام بەداخەوە ئەو سازمانە لە حاڵێکدا کە ئەندامانی ناوەند چاوەڕێی بەشداری ئەوان لە دەهەمین کۆبوونەوەی ناوەند کە ١٩ی سەرماوەز ۱۳۹۷ی هەتاوی به‌سترا و تەرخان کرابوو بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لە سەر بڵاوبوونەوەی هێڵە گشتییەکان بدرێ، بەشدارییان نەکرد لە دوای بەشداری نەکردنی سازمانی خەبات لەو کۆبوونەوەیە، بۆ نیازپاکی زیاتر ناوەند هەئیەتێک پێک هاتوو لە ئەندامانی ناوەند ڕاسپارد سەردانی سازمانی خەبات بکەن، بەڵام سەردانی وەڤدەکەش کاریگەری نەبوو و سازمانی خەبات هەر سوور بوون لە سەر قسەی خۆیان، کە نابێ چەمکی فیدراڵیزم بۆ ئیدارە کردنی سیستمی داهاتووی ئێران ببێتە ئامانجی ناوەند و تەنانەت بۆ ماوەیەکی زۆر هەوڵیاندا چەمکی سیکۆلاریزم و چەمکی وتووێژ که پره‌نسیپن لە خەباتی سیاسیی ناوندەی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وەلابندرێن. بە داخەوە سازمانی خەبات دوای سەردانی وەڤدی ناوەند، لە ڕاگەیاندراوێکدا و پاشان لە پرێس کۆنفرانسێکدا یەک لایەنە چەند قسەیەکییان کرد کە بەم جۆرە لە لایەن ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە ڕاستییەکان دەخرێتە بەرچاوی ئێوەی بەڕێز.

١. سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیاندراوەکەیاندا باس لە پێشێل کردنی تەوافوق دەکەن و یەک لایەنە ناوەندی هاوکارییان بە هەڵوەشاوە ناوبردووە کە ئەو قسەیە بە تەواوی دوورە لە ڕاستی و ناوەند لە کاری خۆی بەردەوامە.

٢. چوار حیزبەکەی دیکەی ناوەند جگە لە سازمانی خەبات لە سەر فیدراڵیزم بۆ داهاتووی ئێران کۆکن، بەڵام سازمانی خەبات لەو بارەوە پێشنیارێکی باشتر لە فیدراڵیزمیان پێ نییە و سوور بوونی ئەوان لەسەر ڕای رێکخراوی خۆیان لە کاری هاوبەش، بەدوور لە پره‌نسیپە دێمۆکراتیکەکان دەبیندرێ.

٣. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە گەڵ ئەوەی کە ڕووخان و نەمانی کۆماری ئیسلامی بە باشترین بژاردە دەزانێ و لەوە دڵنیایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ کات بە شێوەیەکی جیددی باوەڕی بە وتووێژ بۆ چارەسەریی پرسی کورد لە ئێراندا نەبووە، بەڵام هاوکات بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان وتووێژ بە پره‌نسیپێک لە کاری سیاسییدا دەزانێ و هیچکات ڕەتی ناکاتەوە. 

لە کۆتاییدا پێویستە بوترێ کە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان ئێران سەرەڕای بڕیاری یەکلایەنەی سازمانی خەبات بۆ چوونە دەرەوە لە ناوەند، جەخت لە سەر هەرچی بەرینترکردنەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران دەکاتەوە و لەو پێوەندیەدا لە کار و تێکۆشانی خۆی بەردەوام دەبێ.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

۲۷ی سەرماوەزی ۱۳۹۷ی هەتاوی