کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە خەڵکی ڕۆژهەڵات کرد

11:52 - 4 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ناوه‌ندی هاوكاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی گیان لە دەستدانی کۆمەڵێک ژینگەپارێز و چالاکی مەدەنی لە شاری مەریوان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا سەرەخۆشی لە هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵات کرد.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

به‌پێی هەواڵەکان بە دوای ئاگر کەوتنەوە لە دارستانەکانی گوندی سەڵەسی سەر بە ناوچەی مەریوان ٤ کەس لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی و لەوانه چالاکوانی ناوئاشنا کاک "شەریف باجوەر" کە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکه چووبوونه ئەو ناوچەیه گیانیان لە دەست داوە و ژمارەیەکیش بریندارن.

لە کەس شاراوە نییە کە کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی کەمتەرخەمی و زۆرجاریش بە هەوڵی بە ئەنقەست و بە پیلانی پێشوەخت ژینگە و دارستانەکانی کوردستان لە ناو دەبەن؛ لە بەرامبەردا چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی خۆجێی ناوچەکە بە کەمترین ئامراز هەوڵی پاراستنی ژینگەی کوردستانیان داوە؛ ئێمە کۆماری ئیسلامی و پیلان و ئاکارە دوژمنکارانەکانی کە بەرامبەر بە خەڵک و خاک و سرووشتی کوردستان دەیکەن بە تاوانبار و بەرپرسیاری ئەو کارەساتە دەزانین. کوردستان چوار دەیەیە بۆته کانگای کارەسات و بەردەوام لە ئاکامی پیلان و سیاسەتی هەڵه و ناکارامەیی کاربەدەستانی نابەرپرس قوربانی دەدات.

دەمێک ساڵە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران قۆڵی بۆ بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانی کوردستان و وێران کردنی کوردستان و سروشتەکەی هەڵماڵیوە و بە بیانووی پڕوپووچ و پاساوی بێ بنەما کەوتۆتە گیانی ژینگەی کوردستان و لە بەرامبەریشدا کۆمەڵێک مرۆڤی تێکۆشەر، دەروەست و بێ پاداشت، بە دەستی بەتاڵەوە بوون بە پارێزەرانی ژینگە و نیشتمان و ئەمڕۆش کاک شەریف و هاوڕێکانی گیانیان لە پێناو پاراستنی ژینگەی نیشتمانەکەیان بەختکرد.

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران پرسە و هاوخەمی خۆی بۆ لە دەستدانی ئەو پۆلە شەهیدەی ڕێگای پاراستنی ژینگەی کوردستان پێشکەش بە بنەماڵە بەڕێزەکانیان و خەڵکی مەریوان و بە تایبەتی چالاکانی مەدەنی و بە گشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکا .

سڵاو بۆ گیانی پاكی ئەوانەی ژیانی خۆیان لە ڕێگەی نیشتمان بەخت كردووە و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارانی ئەم رووداوە داوا دەكەین ...

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٣ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی

٢٥ی ئاگۆستی ٢٠١٨ی زایینی