کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە پارلەمانی بریتانیا دیدارێکی پێک هێنا

13:41 - 3 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، کار و چالاکیی خۆی بە دیدارگەلێک لەگەڵ پارلەمانی بریتانیا دەست پێ کرد.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی ڕەشەمە، ناوه‌ندی هاوكاریی حیزبه‌كانی كوردستانی ئێران، له‌ وڵاتی بریتانیا، چالاكییه‌كانیان به‌‌ پێكهێنانی دوو دیداری جیاواز له‌ پا‌رلەمانی بریتانیا ده‌ست پێ كرد.

ئەم چالاکییە بە مەبەستی زەقکردنەوەی دەنگوڕەنگی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو و یەکەم هەنگاوی ئەم ناوەندە بۆ کارامەکردن و کاری دیپلۆماسی و دیدارە سیاسییەکان لە بریتانیا بوو.

لەم دیدارانەدا تیشك خرایەسەر دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها پێکهاتنی ئەم ناوەندە و چالاکییەکانی لە داهاتوودا.

له‌و دیدارانه‌دا هه‌وڵی لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و نه‌ته‌وه‌كانی دیکەی ئێران، بۆ هاوكاری زیاتر تیشكی خرایه‌ سه‌ر و سەبارەت به‌و بابه‌ته‌ش باس لە دامەزرانی هاوپێوه‌ندی بۆ ئازادی و یه‌كسانیی له ئێراندا لە نێوان ١٠ حیزب و لایەنی سیاسیی ئێرانی و کورد کرا.

لە یەکێك لەم دیدارانەدا کە لەگەڵ بەڕێز "لۆرد مۆریس مارك گلاسمەن"، بەرپرسی کۆمیتەی پارلەمانتارانی بریتانیا، بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەتەوەکانی دیکەی ئێران پێک هات، ناوبراو پشتیوانیی خۆی بۆ کورد و نەتەوەکانی ئێران دەربڕی.