کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران نامەیەکی سەرئاوەڵایان بڵاو کردەوە

09:57 - 2 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: لە بەرەبەری حەفتاو سێهەمین کۆبوونەوەی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ناوەندی هاوکاریی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران نامەیەکی سەرئاوەڵایان ڕوو لە سەرۆکی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاو کردەوە.

دەقی نامەکە بەم چەشنەیە:

نامەی سەرئاوەڵا بۆ سەرۆکی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان

سنوورێک بۆ پێشێلکاری و یاغیگەرییەکانی ڕێژیمی ئێران دابنێن!

بەڕێز ماریا فێرناندێز، بەرپرسی حەفتاو سێهەمین کۆبوونەوەی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان!

 لەگەڵ ڕێز و سڵاو،

بە زوویی حەفتاو سێهەمین کۆبوونەوەی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەست پێدەکات و بەپێی بەرنامەیەک کە دانراوە، بڕیار وایە حەسەن ڕووحانی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی سێپتامبر لەم کۆبوونەوەیەدا قسە بکات.

ئێمە وەک ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە پێویستی دەزانین لێرەدا کار بکرێت و مێکانیزمێکدیاری بکرێ بۆ ئەوەی بەر بە سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران و پێشێلکاریییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن ئەم دەسەڵاتەوە لە دەرەوەو ناوەوەی ئێران بگیرێت. چاوەڕوانیی ئەوە دەکرێت ئەم کۆبوونەوەیە، ڕووحانی و دەسەڵاتەکەی بەرامبەر بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوەوە و یاغیگەرییەکانی لە دەرەوەی وڵات، بە بەرپرس بزانێت.

ڕووحانی وەک سەرۆک کۆماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە حاڵێکدا لەم دانیشتنەدا وتار دەدات کە ئەم ڕێژیمە سەرچاوەی قەیرانی جۆراوجۆر لە نیوخۆی وڵات و هۆکاری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە هەموو بوارەکان بە تایبەتی لە  هەر دوو بواری ژیانی سیاسی و ئابووریی خەڵک و، هەر لەو کاتەشەدا هۆکاری بشێوی و نائارامی لە ناوچەکە دایە. ئێعدام وەک سزایەکی یاسایی لە ئێران بەردەوام جێبەجێ دەکرێت و ئێعدامی سیاسی و جیاوازیدانانی نەتەوەیی بەرامبەر نەتەوەکانی کورد، عەرەب، بەلووچ و ئازەری و، هەروەها کوشتنی جیاوازبیران بە شێوەی سیستماتیک لەم وڵاتە خراپتر لە پێشوو بەڕێوە دەچێت. ئەمەش لە حاڵێکدایە كە ئێران وڵاتێكی فرەنەتەوەیە و پێویستە مافی هەموو نەتەوەكان وەک یەک بپارێزرێت.

لە ساڵی ٢٠١٣ بە دواوەو دوای هەڵبژێرانی ڕووحانی بە سەرۆک کۆمار، شەپۆلی ئێعدامەکان ٥١ ٪ زیادی کردووە. هەروەها گوشاری گەورە لە سەر چالاکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ژینگەپارێزی لە ئێران و کوردستان هەیە. هەر لە ئەساسدا ئەم دەسەڵاتە چ بە گوێرەی یاساکانی و هەروەها بەپێی داڕشتە و پێکهاتەکەی، سروشتێکی دژ بە مافی مرۆڤی هەیە. هەروەها سەرنجتان بۆ ئەوە ڕادەکێشین کە لە ساڵی ٢٠١٧دا بەپێی ئامارەکان، ٨٦ کۆڵبەر لە سنوورەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون. لە ٦ مانگییەکەمی سالی ٢٠١٨یشدا ١٠٤ کۆڵبەر لە سنوورەکان بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە گیانیان لە دەست داوە. هەڵاواردنی نەتەوەیی و ئایینی سیستماتیک کە ئەو ڕێژیمە بەڕێوەی دەبا، تەنانەت  خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی پارێزگای کرماشانیشی گرتووەتەوە و بووە بە هۆی ئەوە دەسەڵاتداران و دامودەزگا حکوومەتیەکان،  لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا، ئەو پەڕی کەمتەرخەمی لە پێڕاگەیشتنی خەڵکی بوومەلەرزەلێدراودا لە خۆیان نیشان بدەن.

لە ماوەی پێنج ساڵ سەرۆک کۆماریی ڕووحانیدا خەڵکی ئیران بەرەوڕووی کێشەی قووڵی کۆمەڵایەتی و ئابووری بوونەتەوە. دەسەڵات لێبڕاوە بەردەوام بێت لە سەر گوشار خستنەسەر شارۆمەندانی ئێران، چالاکانی بواری مافی مرۆڤ، یاساناسان و پارێزەران، مامۆستایان، کرێکاران، چالاکانی ژینگەپارێزی، ڕووناکبیران، ڕۆژنامەنووسان و هەموو ئەوانەی بوێریی ئەوەیان هەیە ڕەوایی و مەشرووعیەتی ئەم دەسەڵاتە ببەنە ژێر پرسیارەوە. چالاکانی بواری ژنان بەردەوام لەژێر هێرش و گوشاری ئەم دەسەڵاتە دان و بە شێوەیەکی نایاسایی دەستگیر و زیندانی دەکرێن و لە ڕاستییدا جیاوازیی و هەڵاواردنێکی زۆری جنسییەتی بەپێی یاسا ئێسلامییەکان لە ئێراندا هەیە.

دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکان لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا و یەک لەوان دەوڵەتی ڕۆحانی  دەوری بەرچاویان گێڕاوە لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و سەرکوتکردنی خەڵکدا و، بە توندی ڕووبەڕووی هەر چەشنە جووڵە و ناڕەزایەتی دەربڕینێکی هێمنانەش دەبنەوە.

ڕۆژی ١٢ی سێپتامبری ٢٠١٨ مانگرتنێکی بەرفراوان زۆربەی زۆری شارە کوردییەکانی کوردستانی ئێرانی گرتەوە. ئەم مانگرتنە  سەرانسەرییە، ناڕەزایەتی دەربڕینێکی گشتی بوو بەرامبەر ئێعدامی سێ لاوی کورد و هەروەها مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە شاری کۆیە له باشووری کوردستان  کە بە هۆیەوە ١٦ کەس گیانیان لە دەستدا و ٤٠ کەس بریندار بوون. دوا بە دوای مانگرتنەگشتییە،١٢  کەس لە چالاکانی مەدەنی و کەلتووری لە شارەکانی کوردستان دەستگیر کراون و هەتا ئێستا لە زیندانەکانی ڕێژیمدان و بێ سەروشوێنن. ئەمەش لە درێژەی کردەوەی تیرۆریستی و خراپکارانەی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتی ئەو ڕێژیمە لە هەرێمی کوردستانی عێراق و دەرەوەی وڵات بە دژی هیزەکانی ئوپوزیسیۆنی کورد و ئێرانی دایە.

مەبەست لە نووسینی ئەم نامەیە ئەوەیە وەبیر بەڕێزتان و سەرجەم ئەندامانی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بێنینەوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران  و دەوڵەتی حەسەن ڕووحانی پێشێلکاری سەرەکیی مافی مرۆڤ لە ئیران و هۆکاری نائارامی وناسەقامگیری لە ناوچەکە دان. حەسەن ڕووحانی وەک سەرۆک کۆماری ئێران لە حاڵێکدا دەیهەوێت باس لە مافی مرۆڤ و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ولاتانی دیکە بکات کە دەسەڵاتەکەی خۆی  گەورەترین پێشێلکاری مافی مرۆڤە و خەڵکی ئێران و کوردستان لە زیندانێکی گەورەدان کە لە لایەن ئەم حکوومەتەوە بۆیان دروست کراوە.

ئێمە وەک ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، ئامادەبوون و بەشداریی حەسەن ڕووحانی لە حەفتاوسێهەمین کۆبوونەوەی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و قسەکردنی بە ناوی خەڵکی ئێرانەوە، بە بێڕێزی بە پێکهاتەکانی خەڵکی ئێران دەزانین و مەحکوومی دەکەین. ئێمە بە تەواوی لە سەر ئەو باوەڕەین کە کۆماری ئیسلامی پێشێلکاریبنەرەتیی مافی مرۆڤ لە ئێران و هۆکاری سەرەکیی  ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. چاوەروانی و داوای ئێمە لە بەڕێزتان و کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەیە پشتیوانی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و گەلانی وەزالەهاتووی ئێران بن و سنوورێک بۆ پێشێلکاری و یاغیگەرییەکانی ئەو ڕێژیمە دابنێن.

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بریتین لە:

ـ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ـ کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

ـ حیزبی دیمۆکراتی کوردستان

ـ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

ـ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

٢٣ی سێپتامبری ٢٠١٨ی زایینی