کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

‎ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران: هەموو رۆڵەکانی کورد کە بۆ پرسی کورد و دوارۆژی وڵات بە پەرۆشن بە یەکگرتوویی تەواوەوە پشتی ناوەند بگرن

17:47 - 4 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە نوێترین دانیشتنی خۆیدا سەبارەت بە دوائاڵوگۆڕەکانی کوردستان و ناوچە و ئێران بیروڕایان گۆڕییەوە و تێیدا وێڕای دەربڕینی پێزانین بەرامبەر بە خەباتی بێوچانی ڕۆڵەکانی گەل داوایان لە هەموو گەلی کورد کرد کە ببنە پشت‌وپەنای ناوەند.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

راگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

‎ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران رۆژی شەممە رێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی بەرامبەر بە ٢٤ی نۆوامبری٢٠١٨ی زایینی کۆبوونەوەیەکی بە بەشداری بەرپرسانی باڵای حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە خانەخوێیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهێنا.

‎لەم کۆبوونەوەیەدا سەرەتا لە لایەن بەڕێز مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەخێرهاتنی هەیئەتەکانی بەشدار لە کۆبوونەوەکە کرا و بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی و بە پێوەوەستان بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی ئەم دواییانەی کوردستانی رۆژهەڵات و تێکۆشەرانی ئازادیخوازی گەلانی ئێران دەستی بە کارەکانی کرد.

‎لێپرسراوی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە باسێکی سیاسی و گشتیدا ئاماژەی بە وەزعی هەنووکەیی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئاکامەکانی ئەو گەمارۆیانەی خراوەتە سەر رێژیم ودۆخی نالەباری ئابووری وڵات و دابەزینی ئیمکاناتی ژیانی خەڵک و فسادی ماڵی و ئەو فشارە نێوخۆیی و دەرەکییانەی سەر رێژیم کرد و پێویستی بەهێزترکردنی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی بە ئەرکێکی گرینگ و شوێندانەر لەسەر رەوتی رووداوەکان زانی.

‎هەر لەو پێوەندییەدا رەوتی کار و چالاکییەکانی ناوندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ماوەی رابردوو، مووشەکبارانی بارەگاکانیان و ئێعدامی پۆلێک لە چالاکانی سیاسی کورد لە لایەن کۆماری ئیسلامی لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا کەوتە بەرباس و وێڕای سوپاس و پێزانینی بەشداران لەسەر درێژەدان بە کاری ناوەند پێداگیرایەوە، بە تایبەت ئەو یەکگرتوویی و هاودەنگی و هاوهەڵوێستییەی کە مانگرتنە سەرانسەری و مێژووییەی ٢١ی خەرمانانی ئەمساڵ کە لاپەرەیەکی پڕ لە شانازی خستە سەر کارنامەی خەباتی کورد لە کوردستانی ئێران، بە ئاکامی ئەو هاودەنگی و هاوهەڵوێستییە گشتییەی حیزب و لایەنەکانی کوردستانی ئێران دانرا.

‎ڕای کۆبوونەوە دەربڕی پێداگری لەسەر درێژەی ئەم هاوکاری و هاوهەڵوێستییە بوو و ناوەند پێزانین و ئەمەگناسی خۆی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دووپات کردەوە و سڵاو و رێزی تایبەتی ئاراستەی زیندانیانی سیاسی و دەستگیرکراوانی ئەم حەرەکەتە یەکگرتووانەیە کرد کە بەرانبەر بە سیاسەتی زۆردارانەی کۆماری ئیسلامی ئێران خاوەن هەڵوێست و ئیرادەی شۆڕشگێرانە بوون.

‎لە چوارچێوەی باس و لێکدانەوەکانی لێپرسراوی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا هەیئەتەکانی هەرکام لە ئەندامانی ناوەند وێڕای تەئیدی باس و بابەتەکانی پێشکەشکراو راوبۆچوونی خۆیان بۆ دەوڵەمەندترکردنی باسەکە خستە بەرچاوی بەشدارانی کۆبوونەوەکە.

‎کۆبوونەوەکە بەو ئاکامە گەیشت کە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای درێژەدان بە کار و چالاکییەکانیان، بە مەبەستی بەهێزترکردنی ناوەند لە هەموو شێوەکانی خەباتی رەوا و سەردەمییانە لە نێوخۆی وڵات و لە دەرەوەی وڵات کەڵک وەربگرن، لەم راستایەدا بانگهێشتی هەموو رۆڵەکانی کورد کە بۆ پرسی کورد و دواڕۆژی وڵات بە پەرۆشن کرد کە بە یەکگرتوویی تەواوەوە پشتی ناوەند بگرن و لە دژی سەرکوت و زۆردارییەکانی رێژیم بوەستنەوە.

‎لە کۆتایی کاری کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، هەوڵ بدا لە ماوەیەکی دیاریکراودا پلاتفۆرمی خۆی بۆ هەر ئەگەرێک و ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە چاوەڕوان دەکرێ لە ئێراندا ڕوو بدا، ئامادە بکا و بە ئاگاداری خەڵکی تێکۆشەری کورد، حیزبەکانی ئوپۆزسیۆنی ئێرانی و کۆڕ و کۆمەڵانی نێونەتەوەیی بگەیەنێ.

‎بۆ ئەنجامی خێرای ئەو ئەرکانە بڕیار درا، ھەیئەتە نوێنەرایەتییەکانی ناوەند بە کارێکی پڕاوپڕ و پێوەندی نزیکتر لەگەڵ ڕێبەری و بەرپرسانی یەکەمی حیزبەکانی بەشدار، میکانیزمی پێویست لە ھەر بوارێکدا دیاری بکەن.

لەو کۆبوونەوەیەدا هەریەک لەبەرێزان کاک عومەر ئیلخانی زادە سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کاک مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کاک ساڵح شەریفی ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە نوێنەرایەتی بەرێز کاک عەبدوڵلا موهتەدی سکرتێری گشتی کۆمەڵەی شورشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کاک سەید کامیل نوورانی فەرد ئەندامی دەفتەری سیاسیی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بە نوێنەرایەتی کاک باباشێخ حسەینی سکرتێری گشتی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران کە سەرۆکایەتی شاندەکانی بەشدار لە کۆبوونەوەکەیان دەکرد لە چوارچێوەی باس و بابەتەکانی کۆبوونەوەکەدا و هەروەها بڕیار و راسپاردەکانی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران شرۆڤەی دوایین گۆرانکارییەکانی پێوەندییدار بە پرسی کوردیان کرد و هاودەنگی و هاوهەڵوێستی ناوەندی هاوکاری و هەروەها یەکگوتاری بزاڤی کوردییان بە پێویستیەکی هەنووکەیی زانی.

‎ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران

‎١٣٩٧/٩/٣ی هەتاوی

٢٠١٨/١١/٢٤ی زایینی