کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پشتیوانی لە خەڵکی ئەهواز کرد

11:36 - 17 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران له ڕاگەیەندراوێکدا، پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئەهواز دەربڕی.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

پشتیوانی لە خۆپێشاندانەکانی خەڵکی پارێزگەی خوزستان دەکەین!


زیاتر لە حەوتوویەکە شارەکانی پارێزگای خوزستانی ئێران بوون بە مەیدانی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکی عەرەبی ئەو پارێزگایە. 

سەرەڕای هاتنە مەیدانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و بەربوونیان لە گیانی خەڵکی ناڕازی و وێڕای بەردەوامیی لەشکرکێشی و ڕەوانەکرانی هێز لە پارێزگاکانی دیکەوە بۆ سەرکوتی خۆپێشاندەران، دانیشتوانی سووکایەتی پێکراوی پارێزگەی خوزستان، لە سەر درێژەدان بە خۆپێشاندان بەردەوامن.

ئەگەرچی هەتا ئێستا دەوروبەری ١٦٠ کەس لە خۆپێشاندەران قۆڵبەست و ڕەوانەی گرتووخانەکان کراون و کەشوهەوای سەرکوتکەرانە لە ئەهواز و ئابادان و شارەکانی دیکەی ئەم پاریزگەیە ڕوو لە زیادبوونە، خەڵکەکە کۆڵیان نەداوە و لە سەر مەحکوومکردنی سووکایەتیی تەلەڤیزیۆنی دەوڵەتی بە شوناسی نەتەوەیی خۆیان و بەربەرەکانیی هێزە سەرکوتکەرەکان بەردەوامن.

خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیدەربڕینەکانی ئەمجارەی شارەکانی پارێزگەی خوزستان دوای ئەوە دەستی پێکرد کە تەلەڤیزیۆنی دەوڵەتیی ئێران لە بەرنامەیەکی نەورۆزیی خۆی‌دا، شوناسی نەتەوەیی خەڵکی ئەو ناوچەیەی کە لە گەلی عەرەب پێک هاتوە، پشتگوێ خست. ئەوە یەکەم جار نیە نەتەوە بندەستەکانی ئێران بە شێوەی خۆپێشاندان و هاتنە سەرشەقام بەرامبەر سووکایەتیی ڕاگەیەنە دەوڵەتییەکانی ئێران لەهەمبەر شوناسی نەتەوەیی خۆیان، دژکردەوە پێشان دەدەن. ئامادەیی نەتەوە بندەستەکانی ئیران بۆ دژکردەوە نیشاندان بە شێوەی خۆپێشاندان لە چەندین شار و مەحکوومکردنی سیاسەت و کردەوەی دامودەزگا دەوڵەتییەکان، هۆیەکی زۆر ڕوونی هەیە. ئەم تووڕەیی و بێزارییە، بەرهەمی دەیان ساڵ ئینکارکرانی شوناسی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێران و خۆبواردنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە داننان و بە‌ ڕەسمی ناسینی مافە نەتەوەییەکانیانە. دامودەزگا دەوڵەتی و حکوومەتییەکان هەر بەوەندەشەوە نەوێستاون و لە ڕووی ئابووری و ئاوەدانییشەوە هەوڵیان داوە شارو ناوچەکانی ئەو نەتەوە بندەستانە پشتگوێ بخەن و کەمترین ئاوڕیان لێ بدەنەوە. سەرەڕای ئەو دۆخەش، شانبەشانی گرتنەبەری سیاسەتی هەڵاواردن و پشتگوێخستن، پەنایان بردووەتە بەر زاڵکردنی کەش‌وهەوای ئەمنییەتی و خزاندنی هێزی سەرکوتکەر لەو ناوچانە و هەر چەشنە ناڕەزایەتی دەربڕینێک بە سەرکوت و گرتن و ئێعدام وڵام دەدەنەوە.

خەڵکی ئازادیخواز و خەباتگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە نزیکەی ٤٠ ساڵە بە هەموو وجوودیانەوە ئاکام و شوێنەوارەکانی سیاسەتی شۆڤێنیستی و سەرکوتکەرانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بەرامبەر خۆیان دیتوە و چێشتوە، زۆر باش لە کێشە و گرفت و بێبەشیەکانی خوشک و برایانی خۆیان لە خوزستان تێ دەگەن. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، وێڕای مەحکوومکردنی سووکایەتیی ڕاگەیەنە حکوومەتییەکان بە شوناسی نەتەوەیی پێکهاتەکانی ئێران، پشتیوانیی خۆی لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی خەڵکی شارەکانی پارێزگای خوزستان و ویستە ڕەواکانی ئەوان ڕادەگەیەنێ. 

ئێمە لە کاتێک‌دا خەڵکی کوردستان و بەشەکانی دیکەی ئێران بۆ پشتیوانی لە داخوازە ڕەواکانی خەڵکی خوزستان بانگەواز دەکەین، لە ناوەندەکان و کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکانی جیهان داوا دەکەین گوشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئیران و سەرکوتی ئەو ناڕەزایەتییانە و گرتن و بێسەروشوێن‌کردنی چالاکانی عەرەب لە لایەن دامەزراوە سەرکوتکەرەکانی ئەو ڕێژیمە بە توندی مەحکووم بکەن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
ـ کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ـ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
ـ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
ـ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ـ حیزبی دێموکراتی کوردستان

١٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی
٥ی ئاوریلی ٢٠١٨ی زایینی