کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پیرۆزبایی لە نادیە موراد کرد

12:07 - 14 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی، وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ لە لایەن "نادیە موراد" کچە کوردی ئیزەدی، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە:

پەیامی پیرۆزبایی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی، وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ لە لایەن "نادیە موراد" کچە کوردی ئیزەدی

کچێکی کوردی ئیزەدیی خەڵکی شەنگال و باڵوێزی ئاشتی نەتەوەیەکگرتووەکان "نادیە موراد" بە هاوبەشی لەگەڵ "دێنیس موکوێگ" پێکەوە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی ساڵی ۲۰۱٨ی زایینییان بەدەست هێنا.

ساڵی ۲٠۱٤ی زایینی ،چەکدارانی بیرتەسک و سەدەناوەڕاستیی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" ناسراو بە (داعش) پەلاماری شاری شەنگالیان دا و داگیریان کرد و لەو هێرشە دڕندانەیەدا، شکۆ و هەیبەتی مرۆڤانەی هەزاران مرۆڤی بێتاوان شکێندرا و بۆ جارێکی دیکە نەیارانی کوردستان و کورد هەوڵی داگیرکارییان لە کوردستان دا.

نادیە موراد پاش ئەوەی لە چاوی ٥ برا و دایک و باوکی بوونە قوربانی ئەو ستەمە گەورەیە،یەکێک بوو لەو هەزاران کچانەی کە لە لایەن ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەوە بەدیل گیران و لە شارەکانی ژێر دەستی داعش بۆ مەرامە دژی ئینسانییەکان دەکڕان و دەفرۆشران، نادیە موراد دوای ماوەیەک توانی خۆی لە دەستی ئەم ڕێکخراوە تێرۆریستییە ڕزگار بکات، دوای ڕزگاربوونی توانی ببێتە دەنگی ئەو کچە بێتاوانانەی کە لەژێر دەستی داعشدا تووشی ئەشکەنجە و چەندین کاری قێزەونی دیکە بوونەتەوە.

نادیە بە هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوام هاواری پڕ بە گەرووی مرۆڤ‌تەوەری و پاراستنی کەرامەتی ئینسانی بوو.

نادیە بەهۆی کارکردنی لەسەر پڕۆژەیەک لەژێر ناوی " کۆتاییهێنان بە توندوتیژیی جنسی، وەکوو چەکێکی شەڕ" توانی بە هاوبەشی لەگەڵ دێنیس موکوێگ خەڵاتی نۆبیڵی ئاشتی بەدەست بهێنێت.

ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە، لە ئاست ئازارەکانی کورد و هەموو پێکهاتەکانی کوردستان، هەر جۆرە خەڵات و پێزانینێک بارتەقای خەمەکانمان نییە، بەڵام بیستنی لە لایەن ئەوانەی ڕەگەزپەرستانە شەو و ڕۆژ دەکەنەوە، تەزوویەک بە لەشیاندا دێت کە بەقەد هەموو ئەو ئازارانەیە.

لە کاتێکدا "نادیە" خەڵاتی ئاشتی وەردەگرێت کە ژنانی کۆمەڵگای ئێران و کوردستان بەتایبەتی، لەژێر هێژموونیی چەسانەوەی توندی بیری ویلایەتی فەقیهی ڕۆژانە رووبەری ستەم و بێرێزی دەبنەوە و ئازایانە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان لە هەوڵی بەردەوام دان.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، گەرمترین پیرۆزبایی خۆی پێشکەش بە نادیە موراد و کوردانی ئێزیدی و سەرجەم ئەو کەسانە دەکا کە بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی و ئازادی لە هیچ چەشنە زەحمەت و تێکۆشانێک درێغی ناکەن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
۱٤ی ڕەزبەری ۱۳۹۷ی هەتاوی