کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پێنجەمین کۆبوونەوەی خۆی بەڕێوە برد

00:54 - 16 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: پێنجەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بنکەی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە بەڕێوە چوو.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی بەرامبەر بە ٤ی ئاوریلی ٢٠١٨ی زایینی، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بەشداریی پێنج لایەنی ئەندامی ئەو ناوەندە، پێنجەمین کۆبوونەوەی خۆی لە بنکەی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە، بەڕێوە برد.

سەرەتای کۆبوونەوەکە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن له گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، پاشان محەممەدنەزیف قادری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی دەورەیی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ڕاپۆرتی یەک مانگی رابردووی ناوەندی هاوکاریی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و دواتر دەستووری کاری کۆبوونەوەکە بڕیاری لەسەر درا.

لەو دانیشتنەدا هەرکام لە لایەنەکان وێڕای دەستخۆشییان لە بەڕێوەچوونی بەرنامەکان لە ماوەی رابردوودا، لەبارەی کار و تێکۆشانی یەک مانگی رابردووی ناوەندی هاوکاری، هەڵسەنگاندن و ڕاو سەرنجی خۆیان باس کرد. پاشان باسێک لەسەر لۆگۆی پێشنیاریی تایبەت بە ناوەندی هاوکاری کرا و نەزەری پێویست لەو بارەیەوە درا.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە چۆنیەتی بەڕەورووبوونەوەی کردەوە تیرۆریستیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان و ڕێوشوێنەکانی پووچەڵکردنەوە و بەرەنگاربوونەوەی پیلانەکانی ئەو رێژیمە بە دژی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان و لەم پێوەندییەدا لایەنەکانی ئەندامی ناوەند بۆ جێبەجێکردنی کۆمەڵێک ڕێوشوێن ئەرکدار کران.

لەم کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵێک باس و بابەتی پێوەندیدار بۆ هەرچی پتەوکردنی کارەکانی ناوەندی هاوکاری و هەروەها گوڕوتیندان بە کارەکان و بەردەوامیی گیانی یەکگرتوویی و کۆدەنگی پێیان لەسەر داگیرایەوە.
کۆبوونەوەکە دوای جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی لە دەستووری کاری خۆیدا داینابوون لە کەشێکی دۆستانە و هاوڕێیانەدا کۆتایی پێ هات.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٧
٤ی ئاوریلی ٢٠١٨

پێکهاتوو لە:
حیزبی دێموکراتی کوردستان
کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران