کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، ڕوو لە مانگرتووانی شاری بانه پەیامێکی بڵاو کردەوە

19:09 - 18 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، داوای لە خەڵکی شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش کرد، لە هاودەنگی و پشتگیریی خەڵکی خۆڕاگری بانە و شارە سنوورییەکان بەردەوام بن.

دەقی پەیامەکە:
پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران:
بە یەکگرتووییتان شکۆی مانگرتنە پڕ شانازییەکەی بانە بپارێزن


کاسبکاران و بازاڕیانی بانە ماوەی زیاتر لە سێ حەوتوویە لە مانگرتنی گشتیدان. ئەوان وەک ناڕەزایەتی لە بەرامبەر گوشار و بەربەستەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی، لە پێوەندی لەگەڵ کار و کاسبی سەر سنوور‌ مانیان گرتووە و دووکان و بازاڕیان داخستووە. 

کاربەدەستان و دەزگا حکوومەتی و دەوڵەتییەکان، جگە لەوەی ئەوپەڕی بێ‌مەسئولییەتییان بەرامبەر داوا ڕەواکانی خەڵکی ئەو شارە نیشان داوە، لە هیچ هەوڵ و تاکتیکێک بۆ کەلێن و تەفرەقە دروستکردن لە ڕیزی یەکگرتووانەی خەڵکی بانەی خۆڕاگر درێغیان نەکردووە. بەڵام خەڵکی مافویست و کۆڵنەدەری بانە، یەکگرتوویی خۆیان پاراستووە و بە بەردەوامبوون لە سەر مانگرتن و پێداگری لە سەرداواکانیان لاپەڕەیەکی پڕشنگدار و کەم وێنەیان لە خەباتی مەدەنی و جەماوەری خستووەتە سەر مێژووی خەباتی حەقخوازانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

مانگرتنەکە لە حاڵێکدا پێی ناوەتە چوارەمین حەوتوودا، کە دەسەڵاتدارانی دژەی گەلیی کۆماری ئیسلامی هەروا لە سەر گوێ نەگرتن لە داخوازەکانی خەڵک سوورن. لە لایەکی دیکەشەوە شار و ناوچەکە بە بۆنەی بەردەوامیی مانگرتنەکە لە دۆخیکی نائاساییدان و ئەم دۆخە لەسەر ژیان و بەڕێچوونی بەشە جۆراوجۆرەکانی خەڵک، کاریگەری بەرچاوی داناوە. 

بڕیار لە بارەی چارەنووس و داهاتووی ئەو مانگرتنە، لە دەست ڕێکخەران و بەڕێوەبەرانی ئەو حەرەکەتەیە، کە نوێنەر و هەڵقوڵاوی جەماوەری ناڕازیی بانەن. ئێمە هەر وەک لە سەرەتاوە ڕامانگەیاندووە، داواکانی کاسبکاران و بازاڕیانی بانە و شارە سنوورییەکانی دیکە بە ڕەوا دەزانین و پشتیوانیمان لە مانگرتن و حەرەکەتی ناڕەزایی دەربڕینی ئەوان کردووە و دەیکەین .

لەمەودواش پشتیوانی لە هەر حەرەکەتێک دەکەین، کە پارێزەری یەکگرتووییی خەڵک و هەر لەو کاتەدا زامن و هەڵگری بەردەوامیی ناڕەزایی و پێداگری لەسەر داواکان بێ. گرینگ ئەوەیە ئەم مانگرتنە شکۆمەندانەیە لە ئیستەدا، پێویستی بە ئیرادەیەکی بەهێزی یەکگرتوویی خەڵکی بانە و هەروەها هاوپێوەندیی خەڵکی کوردستان لەگەڵ دانیشتووانی ئەو شارە هەیە. هەر بۆیە لە خەڵکی بانە داواکارین یەکگرتوویی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو بپارێزن‌ و بە ڕاگرتن و نیشاندانی ئەو یەکگرتوویییە درێژماوەترین مانگرتن و حەرەکەتی ئیعترازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگەیەننە چڵەپۆپە. لە خەڵکی شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش داواکارین لەسەر هاودەنگی و پشتگیریی خەڵکی خۆڕاگری بانە و شارە سنوورییەکان بەردەوام بن.

دڵنیاین خەڵکی بانە و شارە سنوورییەکانی دیکە (مەریوان، پاوە، جوانڕۆ، سەقز، سەردەشت، پیرانشار، شنۆ و ... ) ئەزموون و دەسکەوتەکانی ناڕەزایتی دەربڕینەکانی ئەم چەند حەوتووەی دوایی خۆیان دەپارێزن و دەیانکەن بە هەوێنی بەردەوامبوون لەسەر داخوازە ڕەواکانیان لە داهاتوو‌دا.

سڵاو لە یەکگرتوویی و خۆڕاگریی خەڵکی بانە
سەرکەوتن بۆ داواکانی جەماوەری ناڕازیی شارە سنوورییەکان
بۆ پێشەوە بۆ دووبارە کردنەوەی حەماسەی یەکگرتوویی و هاوپێوەندیی خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٨ی بانەمەڕی ١٣٩٧
٨ی مانگی مای ٢٠١٨