کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندەکانی ڕێژیم لە جیاتی ڕزگاریی تووشبووانی مادە سڕکەرەکان، دەیانکوژن

13:34 - 26 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: لە ژێر سێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا، تەنیا ڕێگاچارە و ڕزگاریی تووشبووان بە مادە سڕکەرەکان، کوشتنە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لاوێکی کورد، بە ناوی حوسێن عەلیزادە، خەڵکی شاری بۆکان، لە لایەن بنەماڵەکەیەوە بە مەبەستی چارەسەریی نەخۆشیی ئالوودەبوونی بە مادە سڕکەرەکان، ڕادەستی ئەنجومەنێکی سەر بە ڕێژیم کراوە، کە بەناو نەخۆشیی تووشبوون بە مادە سڕکەرەکان چارەسەر دەکات و تووشبووان لە دەست مادە سڕکەرەکان ڕزگار دەکەن، بەڵام پاش دوو ڕۆژ تەرمەکەی بە بنەماڵەکەی دەدرێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، ئەم ئەنجومەنە کە خاوەنەکانی لە دوو بنەماڵەی سەر بە ڕێژیم و ناوزڕاون، بە هۆی ڕق و کێشەی کۆنەوە، ئەم هاووڵاتییە کوردەیان کوشتووە.

ئەم کەسە لە لایەن چەند مۆرەیەکی سەر بە ڕێژیم و کاربەدەستی ئەو ئەنجومەنە، هەموو جەستەی شکێندراوە و تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە، هەروەها باسی لەوە کردووە، کە لە لایەن بکوژانی ئەم هاووڵاتییە کە چوار کەسن، هەڕەشە لە بنەماڵەی کوژراوەکە کراوە، کە سکاڵایان لەسەر تۆمار نەکەن و لە بەرانبەردا دییەیەکی باش وەر بگرن.

هەڕەشەی لە بنەماڵەی حوسێن عەلیزادە لە لایەن بکوژانییەوە، لە حاڵێکدایە کە گوایە چوار کەسە بکوژەکە بە ڕواڵەت دەسبەسەر کراون.