کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیدەربڕینی پشکدارانی کارخانەی ئێران پوپلین

11:48 - 29 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بەشیک لە پشکدارانی کارخانەی ئیران پوپلینی ڕەشت، بە هۆی وەرنەگرتنی پشکی چەند مانگانەیان، پەیوەست بە ڕیزی مانگرتووان بوون.

لە چەند مانگی ڕابردوودا، لە لایەن خانەنشینکراوان، مامۆستایان، ماڵبراوان و کرێکاران، بە هۆی وەدواکەوتنی مووچەکانیان و دژواربوونی دۆخی ژیان، بە هەزاران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییانە لە شارەکانی ئێراندا بەڕێوە چووە.

ئێستا کە لەگەڵ دژاورتربوونی دۆخی ژیان و ئەستەمبوونی گوزەران و بژێوی ژیانی خەڵک و پێویستی خەڵک بە کەمترین پارە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان، بەشێک لە پشکدارانی کارخانەی ئێران پوپلین، بە هۆی وەرنەگرتنی پشکی چەندین مانگیان، دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی دەربڕین.

پشکی کارخانەی ئێران پوپلین کە بەرهەمهێنەری چەندین جۆری پارچەی جلوبەرگ، ڕووپۆش، چارشێو، مەلافە و پەردەیە، لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویدا لە لایەن وەزارەتی سەنعەتی ئەوکات بەسەر کڕیارانی کەرتی تایبەت و دەوڵەتی و هەروەها زیاتر لە ١١٦٠ کرێکاری ئەو کارخانەیە دابەش کراوە.

کرێکارانی خاوەن پشکی ئەو کارخانەیە، باسیان لەوە کردووە، کە ئەگەرچی زیاتر لە ٢٥ ساڵە پشکداری ئەو کارخانەیەن، بەڵام هەتا ئێستا هیچ پارەیەکیان وەرنەگرتووە.

ئەو کرێکارانە هەروەها ڕایانگەیاندووە: "هەرکات کە بە مەبەستی ناڕەزایەتیدەربڕین بە نەدانی پشکەکانمان دەچینە لای بەرپرسی کارخانە، بەردەوام لە وڵامدا باس لەوە دەکات، کە کارخانە هیچ سوودێکی نییە و تەنیا زیانی بینیوە.

بەرپرسانی پێشووی ئەو کارخانەیە بەپێچەوانە ئاشکرایان کردووە، کە ئیران پوپلین لە ساڵەکانی ڕابردوودا بەردەوام سوودی هەبووە و پشکەکانیشی زیادی کردووە.