کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیدەربڕینی کرێکارەکانی ئەهواز و پشتیوانیی خوێندکارەکان لە داخوزاییەکانیان

12:58 - 18 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: کرێکارەکانی فوولادی ئەهواز به پێداگریی لەسەر داخوازییەکانیان درێژەیان به ناڕەزایەتییەکانی خۆیان دا.

کرێکارەکانی فوولادی ئەهواز، لە ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر چارەسەر نەکردنی داخوازییەکانیان دروشمەکانی کاتی هەڵبژاردنی حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێرانیان، هێنایە گۆڕێ و ڕۆحانیان به درۆزن لە قەڵەم دا.

کرێکارە ناڕازییەکان بە دروشمی "هەڕەشە و زیندانکردن ئیتر کارمان تێ ناکات"، هەڕەشەی ناوەندە ئەمنیەتییەکانیان بەبێ ئاکام زانی.

ناوەندە مافی مرۆیییەکانی ئەهواز، به بڵاوکردنەوەی راپۆرتگەلێک باسیان لە دەسبەسەرکردنی لانیکەم ١٠ کرێکار لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا کردووە.

ڕۆژی شەممە، ١٧ی سەرماوەز، ناڕەزایەتییە کرێکارییەکانی فوولادی ئەهواز، پێی ناوەتە نێو ٢٩ـەمین ڕۆژی خۆیەوە و هەتا ئێستا هیچ یەک لە داخوازەکانیان جێبەجێ نەکراوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی شەممە، ١٧ی سەرماوەز، خوێندکارەکانی زانکۆی تاران بۆ پشتیوانیکردن لە کرێکارەکان و خوێندکارە زیندانییەکان لە بەردەم ئەم زانکۆیەدا کۆبوونەوە.

پاش کۆبوونەوەی خوێندکارەکان، هێزە ئینتێزامییەکانی ڕێژیم، به هەڕەشەکردن لە خوێندکارە ناڕازییەکان هەوڵی کۆتاییهێنان به ناڕەزیاەتییەکەیان دا.