کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی بەشدارانی تاقیکاریی پزیشکی و ددانسازیی به دژی ڕێژیمی ئێران

12:23 - 14 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: بەشدارانی تاقیکاریی پزیشکی و ددانسازی دژی بڕیاری بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

بەشدارانی تاقیکاریی پزیشکی، دادنسازیی و داڕووسازیی لە بەردەم زانکۆی علوومی پزیشکیی تاران کۆ بوونەوە و دژی پشکی ٢٥ لەسەدیی بە ناو "بنەماڵەی شەهیدان و ڕەزمەندگان"ـی ڕێژیمی ئێران، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ناڕەزاییان به هەڵگرتنی پلاکارد کە لێی نووسرابوو "ئێمەش منداڵانی ئەو وڵاتەین"، خوازیاری ئەوە بوون کە جیاوازی نەمێنێت و سەرجەم خوێندکاران و قوتابییان بە شێوەی یەکسان لە تاقیکارییەکاندا بەشدار بن.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کە خوێندکاران لە چەندین پارێزگای دیکە وەک، ئەهواز، ئیسفەهان، یەزد، ڕەشت و مەشهەد کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بە مەبەستی پشتیوانی لە قوتابیان و خوێندکارانی بە ناو "بنەماڵەی شەهید، ئیسارگەر و ..." لە سەرجەم کاروباری دەوڵەتی و غەیرە دەوڵەتیدا پشکییان هەیە و پشتیوانیان لێ دەکرێت و ئەوەش زوڵمێکە کە لە حەقی باقی خوێندکاران و قوتابیانی دیکەدا دەکرێت.

بەپێی یاسای بنەرەتیی ڕێژیمی ئێران، خوێندن بۆ هەموو قوتابییانی لە جوغرافیای ئێراندا بێبەرانبەرە و دەبێت دەوڵەت تێچووی خوێندن دابین بکات و لە قۆناغی باڵای خوێندنیش دەبێ دیسان دەوڵەت بێبەرانبەرە تێچووی خوێندکار دابین بکات.

چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان بەردەوام دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوە دەبەن و داوای مافی زەوتکراوی خۆیان دەکەن.